سمکۆ سەقزی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چوار پارێزگای ڕۆژئاوای ئێرانە، لە گوتاری ڕەسمیی ناوەندگەرایی تاراندا بە "مەناتیقی غەربی کیشوەر" دەناسرێت و، تەنیا یەک پارێزگای ناوی کوردستانە.
لە دوای نەمانی قاجار و تەواوبوونی حکوومەتی پاشایەتیی مەمالێکی مەحرووسە و هاتنەسەر کاری پەهەلەویی یەکەم، هەوڵێکی چڕی سیستماتیک درا بۆوەی ئەو میراتە قەجەرییەی بۆ ڕەزاخان مابۆوە، بە شێوەی حکوومەتێکی ناوەندی مودێرنی بەهێز بەڕێوە بچێت و تەواوی ناوەندەکانی بڕیار لە پایتەختی تاراندا کۆ ببێتەوە. ڕەزاخان بە گۆڕینی ناوی وڵات بۆ ئێران، یەکەم هەنگاوی شوناسی ساختە و دروستکراوی بۆ نەتەوەکانی نێو ئەم جوغرافیا داگیرکراوە هەڵگرت. ستراتیژیی ئەم ئێرانە نوێیە بە حوکمڕانیی تاران و بە تەنیا زمانی فەرمیی فارسی و یەکدەستکردنی جلوبەرگ ئەوە بوو کە بە یەکدەست و یەکزمان و یەکڕەنگکردن، نەتەوە غەیرەفارسەکان بتوێنێتەوە و ئەوان لە خودییەتی خۆیان داماڵێت. بەڵام کوردستان وەک بەرگرییەکی ڕەوا بە ڕێبەرایەتیی سمکۆی شکاک بەرەنگاری ئەم سیاسەتە بۆوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەهەمبەر حکوومەتی ناوەندیدا خۆڕاگری کرد و توانی ڕوحێکی نوێ بە جەستەی شوناسخوازی و ناسیۆنالیستی له ناخی مرۆڤی کوردی ڕۆژهەڵاتدا بکات. بەمجۆرە لە بەرەبەری تازەگەری و کرانەوەی ئێران ڕوو بە دنیای ڕۆژاواییدا کورد وەک نەتەوە خۆی پێناسە کرد و ئەویتری وەک داگیرکەر ناسی و دژی وەستا.
کێشانی هێڵی ئاسن و شەمەفەندەفەر و گەشەی پیشەسازی کە بە ڕاوێژی موستەشارە ئورووپییەکان بەڕێوە دەچوو، لە سەردەمی حوکمی ڕەزاخاندا کرا. ڕەزاخان دەیویست کوردستان و ئەو هێڵە سنوورییە کە ئەوان غەرب و باختەریان پێ دەگوت وەک پەراوێزێکی دواکەوتوو بهێڵێتەوە، بۆیە لەم تەرحە ئابوورییانەدا لە هەر دوو حکوومەتی پەهلەوییەکان و دواتریش لە قۆناغی کۆماری ئیسلامیی خومەینیشدا کە درێژەدەری هەمان سەڵتەنەتی شایی بوو، کوردستان کەمترین پشکی پڕا. لەگەڵ ئەم پەراوێزخستنە ئەوەی پەرەی پێ درا تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی کوردستان و بە ئەمنیەتیکردن ئەو ناوچەیە و گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتی سەخت بوو.
لە سێبەری ئەو سیاسەتەدا بەڵام ڕۆحی میللیی کوردستانی و شعووری بەرزی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەم جینایەتانە توانی لە دوای خەرمانانی ١٣٢٠ و نەمانی ڕەزاخانی دیکتاتۆر، بە خۆڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵەی ژێـ کاف دابمەرزێنێ و دواتر بە دامەرزاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێ لە خەبات کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دواتر پێکهێنانی کۆماری کوردستانی لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا بەدوودا هات؛ ئەم ڕۆژە پڕشنگدارەی هەتا ئەبەد لە ئاسمانی خەبات و مێژووی کورددا درەوشاوەیە، ڕۆژێک کە کۆتایی بە پەراوێزدانان و بە کەمینە و کەمزانینی نەتەوەی کورد هێنا.
دوای شەهیدبوونی قازی و ڕێبەرانی دیکەی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، بەڵام کوردستان کۆڵی نەدا و تووشی نشست و ناهومێدی نەبوو. بەڵێ، کورد لە ڕۆژهەڵات وەک ئۆرگانێکی زیندوو و کارا دڵی لە لێدان نەکەوت و لەوپەڕی ملهۆڕی و دیکتاتورییەتی حەمەڕەزا شا، جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ی وەڕێ خست و شانازییەکی دیکەی لە خەبات و تێکۆشان و نەوەستاندا تۆمار کرد. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێرانیشدا، کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو، دەستی ئایەتۆڵاکانی خوێندەوە و دژبە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و بەڵێ بە ویلایەتی فەقیه ڕاوەستا. بۆ تێگەیشتن لەم تیژبینیی سیاسییەی حیزب بە گشتی و کەسایەتیی د.قاسملوو بە تایبەتی دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین کە لەو کاتەدا کۆمەڵانێکی زۆر لە خەڵکانی نێو ئێران سوار شەپۆلی درۆی مەلاکان ببوون و دەچوون و بەڵێیان بە جەماران دەگوت و تەنانەت فیلسوفانی گەورەی سیاسیی جیهان بە گەشبینییەوە لە خومەینی و نیزامەکەیان دەڕوانی. بەڵام کوردستان لە بایکوتی تەواوی ئەم ستەمەکارییە تازەدا بوو و دوای ساڵەها جینایەت و ئێعدام و سەرکوت، ئێستا و فریوخورادووەکانی ئەوکات، دان بە پێشهەنگاوی و شعووری سیاسیی کورد دادەنێن.
لە ماوەی ٤٥ ساڵ حوکمی نگریسی ئاخوندیدا، کوردستان بە هەمان قەمچیی پەهلەوی بگرە بە زەبرتر لێی دراوە، ماڵ و جەرگی سووتاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەک کۆڵی نەداوە بەڵکوو قیبلە و ڕووگەی ئازادیخوازی تەنانەت بۆ نەتەوە بندەستەکانی تریش بووە. کوردستان، توانیویەتی و سەلماندوویەتی کە فریوی باڵباڵێنەکانی تاران و ڕەنگگوڕینی پاوانخواز و ڕیفورمبازەکان ناخوات و زۆر زوو لای ئەو ماجەرای ئوسوولگەرا و ئیسلاحتەڵەب تەواو بووە. بە لێدانی چەخماخەی شۆڕشی ژیناش لە ساڵیادی تێرۆری میکونوسدا، کوردستان لە قامەتی ڕێبەری بزووتنەوەیەکی گشتگیر دژ بە تاران دەرکەوت و فارس و تورک و بەلووچی هێنایە سەر خەت و کۆشکی بێدادی خستە لەرزین.
ئەگەر لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێراندا کوردستان لە بایکوت و دژوەستانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا بوو، بەڵام بە خاڵوەرچەرخانی شۆڕشی ژینا ئێستا کوردستان و ناو و ئێعتبارێکی دیکەی هەیە و هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەش ئەوەی سەلماندەوە. پاشانئەودا نەورۆزی دوای ئەم "نا"ی سەرکەوتنەش، نیشاندەری مەرگی لە پەراوێزخستن و بە پەراوێزکردنی کوردستان بوو.
کوردستان دوای سەد ساڵ ستەمی سەختی سیستماتیک، ئەمرۆ لە لووتکەی باڵای هزری سیاسیدایە و چەقی خەباتی ڕزگاریخوازییە.