کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێ نەبوونی وادەوبەڵێنیەکانی حەسەن روحانی سەرۆک‌کۆماری ئیران

23:34 - 4 بەفرانبار 2717

زیاتر لە ٢٥٠٠ رۆژ لە لەماڵ‌ڕاگرتنی سێ کەس لە ناڕازییان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ساڵی ٨٨ تێپەڕ دەبێ و لەم ٨ساڵە‌دا یەکێک لە گرینگترین پرسە سیاسییەکانی نێو نیزام بە ئەژماردێ. حەسەن روحانی لە دوو دەورە دەسەڵاتداریەتیی وەکوو سەرۆک‌کۆمار لە بانگەشەکانی بەڵێنی ئازاد کرانی مێهدی کەڕۆبی و میرحسێن مووسەوی و ڕەزا ڕەهنەوەردی داوە، بەڵام تا ئێستا کلیلەکەی ڕوحانیش ئەو قفڵەی نەکردووتەوە. ئەمە لە کاتێک‌دا بەشی سەردەمی سەرۆک‌کۆماری حەسەن روحانی لە ڕاگرتنی ئەو سێ کەسە پتر١٦٠٠ رۆژ زیاترە لە دەوڵەتی ئەحمەدی نە‌ژاد هەرئەمەش روحانی لەگەڵ کۆمەڵێک ڕەخنەی جیددی ڕووبەروو کردووتەوە. هێندێک لە شروڤەکارانی سیاسی لەسەر ئەوباوەڕن کە روحانی لەسەر پرسی لەماڵ ڕاگرتنی ئەو سێ کەسە، ناتوانێ بڕیاردەربێ و تەنیا ڕێبەری نیزام دەتوانێ لەو بارەوە یەکلاکەرەوەی ئەو گرفتە بێ. بە وتەی ئەم دواییانەی سەرۆکی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران عەلی شەمخانی کە بڕیارە بەرەبەرە ڕێگای ئازاد کردنی "حصر"کراون خۆش ببێ و کرانەوەیەک لە ئارادایە و هێندیک هەوڵی باش دراوە. بەڵام کەسانی نیزیک بە میرحسێن مووسەوی وتەکانی شەمخانی ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن تەنیا هەوڵی دەسەڵات ئەوە بووە کە چاوپێکەوتنی بنەماڵەی مووسەوی لە حەوتەیەک جارێک بووتەوە دووجار لە حەوتە و ئەو لە ماڵ ڕاگرتنە بە نایاسایی دەزانن. ئەردەشیر ئەمیر ئەرجمەند ڕاوێژکاری باڵای میرحسێن مووسەوی لەو پێوەندییە‌دا بە ڕادیۆ فەردای ڕاگەیاند، کەدوای تێپەڕبوونی ٢٥٠٠ رۆژ، لەماڵەوە ڕاگرتنی سێ کەس لە ناڕازییان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٨٨ی هەتاوی، بێجگە ڕەخنەگرتنی کەسانێک وەکوو عەلی موتەهەری هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ ئازادکردنی ئەو سێ کەسە نەدراوەو قسەکانی شەمخانی وەدرۆ خستەوە. چالاکی سیاسی مورتێزا کازمیان بەباس کردن لە باش نەبوونی بارودۆخی ئەو سێ بەندکراوە لە ماڵی خۆیان دوای تێپەڕبوونی ٢٥٠٠ رۆژ لەوبارەوە قسەی لە کەمکاری و خەمساردی حەسەن روحانی کردو وتی: ڕاستە لە پێوندی لەگەڵ پرسی "حصر"کراوان قسەی ئەوەڵ وئاخر رێبەری نیزام دەتوانێ بیکا، بەڵام حەسەن روحانیش لە چوارساڵی ئەوەڵی بەسەرکارهاتنی سەرەڕای وادەوبەڵێنیەکانی ، بە هۆی سەرقاڵ بوونی بە پرسی ناوکی وبەرجام ، پرسی لەماڵ ڕاگرتنی ئەو سێ کەسەی بەلاوە گرینگ نەبووەو زیاتر هەوڵی دا، کە جێگای خۆی پتەو و قورس بکا. مادام سەرۆ‌کۆمار بەرپرسی دەزگای بەڕێوەبەرییەوە کەواتە لەوبارەوە ڕەخنەی لەسەرە. شایانی باسە لە دوای ناکۆکییەکانی نێوان مەحموود ئەحمەدی نە‌ژاد و خامنەیی ڕێبەری نیزام، پرسی لەماڵ ڕاگرتنی مێهدی کەڕوبی و مێرحسێن مووسی و زەهرا ڕەهنەوەرد کەوتووتە بەرباس و بووتە گرفتێک لە بەردەم دەوڵەتی حەسەن روحانی، کە کلیلی وادەوبەڵێنیەکانی زۆرێک لە گرفتەکانی نەکردووتەوە.