ناسر ساڵحی‌ئەسڵ
ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا هەمێشە مەکۆی بەرخۆدان، خەبات و تێكۆشان و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانە بۆ دابینكردنی مافە نەتەوایەتی_ سیاسییەكانی گەلی كورد و دێموكراسی و ئازادی گەلانی ئێران بووە. هیچ كات ڕۆڵەكانی نەتەوی كورد، ئیزنی ئەوەیان نەداوە دوژمنانی ماف و ئازادی گەلی كورد بە ئاسوودەیی سەر وە سەرینی مێژوو بكەن. بۆیە بە كەڵك وەرگرتن لە هەموو شێوەكانی خەباتی ڕەوا، داكۆكییان لە ماف و مانی نەتەوەی ستەملێكراوی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردوە. ئاشكرایه باسكردن و ئاوڕدانه‌وه له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی ١٣٤٧-١٣٤٦ له ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە سەرنجدان بە گرینگی و بایەخەکەی پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، چوونكه هەم ڕووداوێكی گرینگ و هەم خاڵیكی وەرچەرخان و شێوە خەباتێكی نوێ لە مێژووی سیاسی خەباتی ڕەوای نەتەوەیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە.
پاش هەرەسهێنانی كۆماری كوردستان خەباتی گەلی كورد لە ڕۆژهەلاتی كوردستان لە شێوەی جۆراوجۆری نهینی و دوورخراوەییدا بەردەوام بوو، هەتا لە ساڵەكانی ١٣٤٧-١٣٤٦دا ئەم خەباتە نهێنییە بە شێوەی خەباتی چەكداریی خۆی پێشان دا و وزە و ورەیەكی نوێی بە خەباتگێڕان و ئازادیخوازانی گەلی كورد دا. هه‌ر بۆیه ئەم قۆناغه لە جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورد بە رێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان، خاڵی وه‌رچه‌رخان و ده‌ستپێكی خه‌باتی چه‌كداری و كاری ڕێكخراوەیی، دژ بە ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و دیكتاتۆری حه‌مه‌ڕه‌زاشای په‌هله‌وی بووه. بۆیەشە ڕاپەرین و بەرخۆدانی ڕۆڵە خۆنەویستەكانی نەتەوەی كورد لەو ساڵانەدا بە هەڵوێستیكی شۆڕشگیرانە و لاپەرەیەكی زێرین لە خەباتی ڕەوای چەكداری بۆ مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكان و مێژوویەكی پر لە شانازی لە خەبات و تێكۆشان بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستان دادەنرێت.
یه‌كێك له ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی پڕ لە شانازی ڕاپەڕینی چه‌كداریی ١٣٤٧-١٣٤٦ ڕۆژهەڵاتی كوردستان شەهید مەهەندیس سمایل شەریفزادە بوو. كاك سمایل شەریفزادە ئەو خوێندكارە بلیمەت و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەی گەلی كورد بوو كە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیكتاتوری حەمەڕەزا شا دا بە وردبینی و هەڵسەنگاندنی باردۆخی ئەوكاتی ئیران و كوردستان و بە پەیوەستبوون بە ڕێزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان خوێندنەوەیەكی تایبەتی لەو قوناغەدا بۆ هەڵگیرسان و ڕاسانەوەی خەباتی چەكداریی هەبوو. كەڵكوەرگرتن لە پلان و گەڵاڵەی شەڕی پارتیزانی وەك دیاردەی خەباتی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەكان دژی ڕێژیمە دیكتاتورەكان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و سەركەوتنەكانی ئەو قوناغەی خەباتی چەكدارییەكانی گەلانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە ئامریكای لاتین و ئاسیا و ئافریقادا هەوێنی بیروڕای شۆڕشگێڕانی نەمر سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی بوو كە لە زانكۆی تارانەوە چەكەرەی كردبوو. بەڵام بەو جیاوازییە و پێچەوانەی بیروڕا و تیئورییەكانی چەتی ئەوكاتی ئێران كە كۆمەڵگەی ئیرانیان بە پاسیڤ دەزانی، لە دید و بۆچوونی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە حیزبی دێموكرات، كۆمەڵگەی كوردستان پاسیڤ نەبوو، بەڵكوو كۆمەڵگەیەكی وزەبەخش و شۆڕشگێڕ بوو، كە پاشخانی بزاڤی ڕووناكبیریی كوردی و بنەما فیكری و ئامانجەكانی كۆماری كوردستان بوو. هەر بۆیە پێوەندیی بزووتنەوەی خەباتی چەكداریی و ڕێكخراوەیی ساڵەكانی ١٣٤٧-١٣٤٦ی هەتاوی لەگەڵ كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێوەندییەكی دوولایەنە بوو.
لەلایەك بزوتنەوەی ڕێكخراوەیی و چەكداریی شۆڕشگیران وزەی دەدا بە كۆمەڵگەی كوردستان و لەلایەكی دیكەوە وزەی لە كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەردەگرت. چونكە لە سەردەمی ڕیژیمی حەمەرەزاشای پەهلەویدا گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەك، ته‌واوی مافه نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییەكانی پێشێل كرابوو و لەلایەكی دیكەوە هه‌نگاونانی ئه‌و ڕێژیمه بۆ زیاتر میلیتاریزه‌كردنی كوردستان پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان و بە گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ڕاوه‌دوونان و گرتن و زیندانیكردنی ڕۆڵە مافخوازەكانی گەلی كورد، ڕێژیمی پەهەلەوی هیچ ڕێگایەكی سیاسی و یاسایی بۆ كار و چالاكی خەباتگێڕانی گەلی كورد نەهێشتەوە. بۆیە كاك سمایل شه‌ریفزاده و هاوبیرانی هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه كه ته‌نیا ڕێگای دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و له‌خۆبایی حه‌مه‌ڕه‌زاشا، خه‌باتی چه‌كداریی و ڕێكخراوەییە. كاك سمایل شەریفزادە لە نامەیەكدا بۆ شەهید دوكتور قاسملوودا دەنوسێت:" ئەوڕۆ توفانیكی بە تەوژمی شۆڕشگێڕانە سەرانسەری وڵاتەكەمانی داگرتوە و كۆمەڵانی خەڵك هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە كە تەنیا ڕێگای ڕزگاری دەستدانە چەك و وەشاخكەوتنە، نەك هەر بۆ ئیمە بەڵكوو ڕێگای ڕزگاریی هەموو نەتەوەیەكی ژێر دەستە". به‌ڵام به‌داخه‌وه له ڕۆژی ١٢ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٤٧ی هه‌تاویدا كاتێك كاك سمایل شه‌ریفزاده له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه له گوندی دارینه‌ی ناوچه‌ی بانه، خه‌ریكی جه‌وله‌ی سیاسی- نیزامی بوون، له‌لایه‌ن خۆفرۆشێكه‌وه شوێنی حه‌سانه‌وه‌یان ئاشكرا ده‌بێت و هێزیان وه‌سه‌ر دهگێردڕێ كه پاش شه‌ڕێكی قاره‌مانانه له‌گه‌ڵ سێ هاوسه‌نگه‌ری دیكه‌ی به هۆی جاش و ژاندارمهكانی ڕێژیمی حهمهڕهزاوه شه‌هید ده‌كرێن.
هەربۆیە ئیستا بۆ نەوەی سەردەمی شۆڕشی ژینا، كاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی كه‌سایه‌تیی شه‌هید مەهەندیس سمایل شهریفزادەكان، بۆته حه‌قیقه‌تێك و هیمایهك بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ستێره‌یه‌كی پڕشنگدار و سیمای پێشه‌نگی ١٨ مانگ خه‌بات و خۆڕاگری، كه نه‌ته‌وه‌ی كورد و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد و نەوەی شۆڕشی ژینا شانازی بەو ڕێگا و ڕێبازەوە ده‌كات.
هەر بۆیە یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٨٦ هەتاویدا بە هەست بە بەرپرسیایەتیكردن و بە ڕوانینی بۆ بزاڤی پێكهاتە شكینی خوێندكاری كورد، شەهید سمایل شەریفزادەی وەك هێمای خوێندكاری كورد و ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی وەكوو ڕۆژی خوێندكاری كورد ناودێر كرد. لە ساڵڤەگەری شەهیدبوونی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانیدا پەیمان نوێ دەكەینەوە كە تا سەركەوتن درێژەدەری ڕیگا و ڕێبازی شەهیدان بین.