کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاستی ئێراندا ساڵانە ٤١ هەزار کچی کەمتر لە١٥ ساڵ بەشوو دەدرێن

23:51 - 4 بەفرانبار 2717

ئامارە رەسمییەکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە کە ساڵانە لەو وڵاتە زیاتر لە٤١ هەزار کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ ژیانی هاوبەش پێک دەهێنن و ئەم ئامارە ساڵانە لە حاڵی بەرزبوونەوە دایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنەکانی کۆماری ئیسلامی  ئەو وڵاتە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پارێزگای "خۆراسانی باکوور" ٣ کیژۆڵەی خوار تەمەن ١٠ ساڵ لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بەشوو دراون. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سەبت و ئەحواڵی پارێزگای خۆراسانی باکوور ساڵی ڕابردوو لەو پارێزگایە 6 حاڵەتی هاوسەرگیریی تەمەن خوار ١٠ ساڵ و ١٠٢ هاوسەرگیریی تەمەن نێوان ١٠ هەتا ١٤ساڵ تۆمار کراون. ڕایحە موزەفەریان، نووسەر و کۆمەڵناس، سەرەڕای خستنەڕووی ئامار، لەبارەی هاوسەرگیریی کچانی مێرمنداڵ لە ئێران دەڵێ: "لە ساڵی ١٣٩٤ دا٣٧هەزار و ١١٧ کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لەگەڵ پیاوان لە تەمەنی جیاوازدا هاوسەرگیرییان کردووە و یەک هەزار و 249 کچیش لەو تەمەنانەدا لە هاوسەرەکانیان جیا بوونەتەوە. پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەمبارەوە زیاترین حاڵەتی هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ تێیدا تۆمار کراوە. پاریزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی، تەورێز و خووزستان بە ڕیز زیاترین حاڵەتی هاوسەرگیریی کچانی تەمەن نێوان ١٠ هەتا ١٤ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە. ئێستا لە ئیران نزیکەی یەک هەزار و ٧٠٠ دایکی زگپڕ لە ئێران هەیە کە تەمەنیان کەمترە لە ١٥ساڵ. شایانی باسە هاوسەرگیریی منداڵان لە ئیران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. چالاکانی بواری منداڵان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم دیاردەیە لە داهاتوودا کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی و ئاستی ڕۆشنبیریی بنەماڵەکان دەبێ.