کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دژە بە "گرانی وگەندەڵی" ، لە ئێران

08:11 - 8 بەفرانبار 2717

دوابەدوای هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری نرخی  کەلوپەل و خواردەمەنییەکان لە ئێران، خەڵکی شارەگەورەکانی ئێران وەکوو تاران و ئیسفەهان و مەشهەد و زەنجان  دەستیان کردوە بە خۆپێشاندان و ئەو ناڕەزایەتییانە هەروا بەردەوامە. ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٧ی بەفرانبار،  خەڵکی نارازی شاری مەشهەد بەرانبەر بە گرانی و سیستەمی سەقەتی ئابووری، ڕژانە سەرشەقام و دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان سەردا. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ماوەیەکە ناڕەزایەتیی کرێکارانی بێکار کراو و هەروەها خەڵکانی مافخوراو،  کە لە بنکە ئابوورییەکان ناوی خۆیانیان نووسیبوو، نارەزایەتی بەرانبەر بە گرانی و نابەرپرسیاریەتی دامودەزگا حکوومیەکانیش پەرەی سەندووە. لەلایەک دیکەش بە هۆی گران بوونی بێنزین، خەڵکی شاری ورمێ روژی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار نارەزایەتییان دەربڕی و، هێزەئەمنییەکان هەوڵی هێور کردنی دۆخەکەیان دا و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و پۆلیس رووی دا. ئەمرۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار خەڵکی شاری مەشهەد بەشێوەی بەربڵاو هاتنە سەرشەقام و بەرانبەر بە بارو دۆخی ئابووری وسیاسیی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە پێی ئەو فیلم و وێنانە کە بڵاوکراوەتەوە هێزێکی زۆری دژە شۆرش و پۆلیس بە گازی فرمێسکرێژ و ماشینی ئاوپڕژێن، هەڵیانکوتاوە سەرخەڵک و هێرشیان کردووتە سەر خۆپێشاندەران. شایانی باسە خەڵکی نارازی شاری ئیسفەهانیش بە دروشمی" واز لە سووریە بهێنن، گرفتی ئێمە چارەسەر بکەن" هاتوونەتە سەرشەقام. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک بەرانبەر بە "گرانی وگەندەڵی" چەندین شاری ئێرانی گرتووتەوە.