کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی شارە گەورەکانی ئێران لە ترسی خۆپێشاندانی خەڵک

19:12 - 8 بەفرانبار 2717

شارە گەورەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتەواوی میلیتاریزە کراون. بەهۆی هاتنە سەرشەقامی خەڵک و نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە گرانی و گەندەڵی لەڕادەبەدەر، ناوەندە ئەمنیەتییەکان سەرلەبەیانیی ئەمرۆ هەێنی ڕێکەوتی ٨ی بەفرانبار لە ترسی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان ،لە شارە گەروەکانی مەشهەد و تەورێز و کرمان و چەند شاری دیکە ڕێوشوێنی توندی ئەمنیەتییان گرتووتەبەر. دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارەکانی ورمێ و تاران و ئیسفەهان ڕۆژی ڕابردوو ٧ی بەفرانبار لە شاری مەشهەد خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو کە تێدا دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان سەرداو بەرانبەر بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتییان نواند. بە پێی هەواڵەکان لەو بارەوە، ڕێژیم لە شاری مەشهەد دەستی داوەتە ڕەشبگیری و بەشێک لە خۆپێشاندەرانی دەسبەسەر کردوە. ئەمرۆ رۆژی هەینی هێزێکی زۆری دژەشۆڕش و پۆلیس شارەکانی تەورێز و کرمان و تارانیان لەترسی خۆپێشاندانی خەڵک تەنیوەو بەتەواوەتی میلیتاریزە کراون. هەروەها پاش‌نیوەڕۆی ئەمرۆ رۆژی ٨ی بەفرانبار خەڵکی ناڕازی کرماشان بە دروشمی بەڵێ بۆ ئازادی ڕژانە سەرشەقام و دوای هێڕشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرخەڵک ، تێکهەڵچوون رووی دا. بڕیارە خۆپێشاندانەکان بە دژی گرانی و گەندەڵی لە شارەکانی دیکەش بەڕێوەبچێ. شیاوی باسە بەشێک لە بەرپرسانی نیزام لەو بارەوە نیگەرانی خۆیانیان دەربڕیوە