کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ ئیران بۆ ساڵی ٢٠١٧

20:53 - 8 رەشەمه 2717

ڕێکخراویی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕاپۆرتی ساڵی٢٠١٧ لە پێوندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ ئیرانی بڵاو کرده‌وه‌. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ له‌ ڕاپۆرتەکەی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌‌ند خاڵی گرینگ وه‌ک ‌ دادگایی کردنی نادادپه‌روه‌رانه، ئیعدامی تاوانبارانی ته‌مه‌ن ژێر ١٨ ساڵ و سه‌ر‌کوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و نه‌بوونی مافی نارەزیەتیەربڕین کردوە و سەبارەت بەو پێشێلکارییانە ڕەخنەی له‌ کۆماری ئیسلامی گرتوە. له‌ ڕاپۆرتەکەیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، ناڕه‌زایه‌تییەکانی ئێران له‌ مانگی به‌فرانباری ئه‌وساڵی ڕابردووی به‌ گه‌وره‌ترین خۆپێشاندانی دژ به‌ حکوومه‌ت له‌ ساڵی 1388 ەوە تا ئێستا ناوبردوە. له‌و ڕاپۆرته‌دا سه‌رکوت، توندوتیژی نواندن و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییەکان وەک  ئازادیی ڕادەربڕین، مه‌زهه‌ب، بیروباوه‌ڕ، و هه‌روه‌ها پێشگرتن له‌ بەڕێوەچوونی کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌، زیندانیکردنی بەندکراوان له زیندانی تاکه‌که‌سی‌ و، دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی خەڵک بە بیانووی چالاکیی ئەمنیەتی و مه‌ترسی هاویشتنی ئه‌منیه‌تی نیشتمانی وەک چەند نموونەیەکی ئەو پێشێلکارییانە باسی کراوە و تیشک خراوەتە سەر بەردەوامیی ئه‌شکنجه‌کردنی بەندکراوان، په‌ره‌گرتنی هەڵاواردنی جنسییه‌تی، نەتەوەیی و درێژەی ئیعدام لە ئێران و سەبارەت بە هەموو ئەو پێشێلکارییانە ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی گیراوە. له‌و ڕاپۆرته‌دا تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە کۆماری ئیسلامی له‌ بواری موسیقیشدا ئاسته‌نگی بۆ هونه‌رمه‌ندان دروست کردوه‌ و گۆرانی گوتنی ژنان له‌ کۆنسێرتەکاندا ڕێگەی لێ دەگیرێ و، هەر بۆیە لە مانگی خەرماناندا سه‌دان هونه‌رمه‌ند داوایان له‌ حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌ر کۆماری ئه‌و وڵاته‌ کرد که‌ کۆتایی بەو ئاستەنگ دروستکردنە بێنێ. ئه‌و ڕاپۆرته‌ به ئاماژە بە‌ هه‌ڵبژاردنی دووباره‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی وه‌ک سه‌رکۆماری ئێران ده‌ڵێ: ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ کاتێکدا به‌ڕێوه‌ چوو که‌ سه‌دان کاندید به‌ بیانووی جۆراوجۆری مەزهەبی، سیاسی و ڕەگەزی لە ڕەدی سەڵاحییەت کران و لە مەیدانی پێشبڕکێیەکان وەلا نران. دوای هه‌ڵبژاردنەکانیش جارێکی دیکه‌ش که‌سانێک له‌ وه‌زاره‌تخانه‌کان هاتنه‌ سه‌رکار که‌ پێشینەی زۆریان لە‌ پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە. ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی مانگی بەفرانبار کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە، دەڵێ له‌ دوای ناڕه‌زایه‌تییه‌کان سه‌دان که‌س ده‌سبه‌سه‌رکران و ناوەندە‌ ئه‌منیه‌تییەکان به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ چه‌کی گه‌رم ده‌ستیان کرد به‌ کوشتن و بریندار کردنی خەڵکی ناڕازی بێ ئەوەی ئەوان هیچ توندوتیژییەکیان کردبێ یان چەکیا پێ بووبێ. هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک تێلێگرام و فەیسبووک و ئەنێستاگرامیان لە خەڵک داخست و دەستڕاگەیشتنی خەڵکیان بە تۆڕە گشتییەکانی پێوەندی سنووردار کرد. به‌شێکی دیکه‌ له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاماژه‌ به‌ زیندانیکردنی گیراوەکان له‌ زیندانی تاکه‌که‌سی و دادگاییکردنی نادادپه‌روه‌رانه‌ی بەندکراوان ده‌کا و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە ئێستادا سەدان که‌س دوای بەهۆی بڕیاری نادادپه‌روه‌رانەی دادگا لەژێر پەتی سێدارەدان. ڕاپۆرتەکە دەڵێ دەزگای قەزایی لە ئێران سەربەخۆ نیە و هیچ مافێک بۆ زیندانیان، بەتایبەت زیندانیانی سیاسی لەبەرچاو ناگیرێ و تەنانەت لە مافی گرتنی پارێزەریش بێبەش دەکرێن.