کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەنیازە ٣٥% باج ، بخاتە سەر پیلەوەران

19:56 - 14 رەشەمه 2717

بانە شارێک کە بە شاری پاساژەکان دەناسرێ و شاڕەگی ئابووریی سنوورەکانی ئێرانیش لەژمار دێ. ئەم شارە لە ساڵانی رابردوودا ناوەندێکی ئابووری گرنگ بووە. هۆکاری ئەمەش هاوردەی کاڵا و کەلوپەلی بیانی و هەرزانیی نرخیان بووە، بەڵام رەنگە ئیدی ئەم بازاڕە بەوشێوەیە نەمێنێ. کۆڵبەرەکان کاڵا و کەلوپەلەکانیان دەهێنا و باج و گومرگیشیان نەدەدا، بۆیە نرخی کەلوپەلەکانیان هەرزانتر بوو، بەڵام ماوەیەکە حکومەت بڕیاری داوە کۆڵبەری نەهێڵێ و کارتی پیلەوەرییان پێ‌بدات. حکوومەت دەیەوێ بەڕێژەی ٤٠لەسەدی گومرگ لەسەر ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی لە سنوورە پیلەوەرییەکانەوە هاوردە دەکرێن دابنێ، بەڵام بۆ ئەوانەی کارتی پیلەوەرییان هەیە٥ لەسەد داشکانیان بۆ بکات، واتە ٣٥ لەسەد گومرکیان لێ وەردەگرێ. بەگوتەی موحسین بیگلەری، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە، لەم دۆخەدا کە خەڵک توانای کڕینی کەمە، ئەم بڕیارە کێشە دروست دەکات. بیگلەری دەڵێ: کاتێک کە نرخەکان لە شاری بانە، هەرزانتر لە شارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان نەبن، ئیدی خەڵکیش بۆ کڕین روو لە شاری بانە ناکەن و ئەو پاساژانەی دروست کراون، هەموویان بێ سوود دەبن. لە شارە سنوورییەکاندا بەهۆی سنووورەکانەوە زۆر کەس سەرمایەگوزارییان کردووە. هەر لە دروستکردنی مۆڵ و دووکانەوە بگرە تادەگاتە رێستۆرانت و هۆتێل، بە داخرانی سنوورەکانیش هەموو ئەمانە گرفتیان بۆ دروست دەبێت و بازاڕیان نامێنێ. بەم پێیە ئاڵوگۆڕی کاڵا نامێنێ، ئەمەش لە شارە سنوورییەکان قەیرانی ئابووری دروست دەکات، لەوانە بێکاری و کۆچی دانیشتووانی شارە سنوورییەکان بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران لەپێناو دۆزینەوەی هەلی کار. بۆ ئەوەی ئەم رەوشە روونەدات، موحسین بیگلەری پێشنیاز دەکات رێژەی وەرگرتنی گومرگ لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێران کەمتر وەربگیرێ. شیاوی باسە لە حەوتووی ڕابردوو کاسبکاران و دوکاندارانی شارەکانی بانە و پیرانشار و مەریوان بۆ ماوەی پێنج‌رۆژ  لە هەمبەر داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.