کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی یەکی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە ئێرانی قەیراناویی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کاتێک ساڵانە یادی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەکرێتەوە، دەبینین هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و دۆخی بژیوی ئەم چینەی کۆمەڵگا تا دێ خراپتر دەبێت.
لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی ئەم ڕێژیمە، دۆخی ژیانی خەڵک بەگشتی و بەتایبەتی چارەنووسی ملیۆنان کرێکار و بنەماڵە تێکەڵ بە بێ مافی، بێکاری، هەڵاوسان و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی بنەڕەتیی دیکە بووەتەوە، بە جۆرێک کە لە کەرامەتی مرۆیی و ژیانێکی سەردەمیانە بێبەشن.
وێڕای پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە لە کرێکارانی کوردستان و ئێران، هیوادارین سەرجەم چین و توێژەکان بە یەکگرتوویی خەبات دژی ڕێژیمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەنەوە و بە ئاوات و مافە زەوتکراوەکانیان بگەن.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١١ی بانەمەڕی ١٤٠٣