کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس: چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران وەڵام دەدەینەوە

20:45 - 15 رەشەمه 2717

جێگری سەرکۆماری ئەمریکا لە وتووێژێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە ٤ میلیار دۆلاری بۆ "گرووپە تیرۆریستییەکان" تەرخان کردووە و ئەو چالاکییە مەترسیدارانەی ئێران بێ وەڵام نامێننەوە. بەپیی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، مایک پێنس، کە لە کۆمیتەی پێوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل (ئایپک) قسەی دەکرد، لە لێدوانێکدا لەبارەی پرسی ئێران و چالاکییە نیزامی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچە و مەسەلەی ناوکی قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، "بەهەڵەدا مەچن، ئەمە دوایین شانسی ئەوانە، ئەگەر بێ و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا هەموان نەکرێتەوە و گۆڕانی تێدا پێک نەهێندرێ، ئەمریکا دەستبەجێ لێی دەکشێتەوە". مایک پێنس، وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا یەکێک لە دژبەرانی پێداگریی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، دەوڵەتی ئۆباما و٥ زلهێزی دیکەی جیهانە کە جارێکی دیکە پێداگریی کردووەتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە یان گۆڕانی بەسەردا دێ، یان ئەمریکا لێی دێتە دەرەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کاربەدەستانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامیی ئیران هەڕەشەی پیتاندنی ئورانیوم لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دەکەن ئەگەر بێتو ئەمریکا لەو رێکەوتنە بکشێتەوە. هەروەها جێگری سەرکۆماری ئەمریکا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا کۆماری ئیسلامی بەوە تاوانبار کرد کە ساڵی رابردوو زیاتر لە ٤ میلیار دۆلاری بۆ یارمەتیی "گرووپە تیرۆریستییەکان" بۆ وێنە لە ئیسرائیل تەرخان کردووە، بەردانەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل، هەڵگری پەیامێک بوو کە بێگومان چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە". هەروەها مایک پێنس پێداگریی لەوەش کردووەتەوە کە ڕێگە نادەین، دوای شکستی داعش، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا کوێخایەتی بکا و ڕێگری سیاسەتی ئەمریکا بێ.