کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران دەستی لە هەموو هەڵایسانی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە

01:15 - 24 رەشەمه 2717

دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت هەموو گرفت و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە. بەپێی هەواڵی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ سەربازانی بنکەیەکی ئاسمانی لە "سەن دیەگۆ"ی کالیفۆرنیا گرتبووی، ڕایگەیاند: "ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان سەرقاڵی ئەوەین کە پێش بە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و هەوڵە تیرۆرسیتییەکانی ئەو وڵاتە لە سەرتاسەری جیهان دەگرین". دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی لە قسەکانیدا گوتی، "سەردانی هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەی، دەبینی کە ئێرانە لە پشتی هەموو  کێشە و گرفتەکانەوەیە، کە ئێمە بڕیارمان داوە بە شێوەیەکی جیدی ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە ببینەوە". هەروەها دۆنالد ترامپ، یەکێک لە دژبەرانی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە و خوازیاری گۆڕانکاری یان هەڵوەشانەوە ئەو ڕێکەوتنەیە. شایانی باسە ڕۆژی ڕابردوو ترامپ لە بڕیارێکدا ڕێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی لە کارەکەی دوور خستەوە و هۆکارەکەشی بۆ ناکۆکیی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران گەڕاندەوە.