کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەست لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق وەردەدا

22:21 - 26 رەشەمه 2717

ئەمریكا دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق وەردەدا. جێمز ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا، وێڕای تۆمەتباركردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو وڵاتە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكا، ئەو کارەش بە مەبەستی سەرخستنی بەربژێرەکانی نزیک بە خۆیان دەکەن. ماتیس لە كاتی گەڕانەوەیدا لە سەفەرەکەی بۆ عومان و ئەفغانستان و بەحرەین، بۆ رۆژنامەنووسانی دووپات كردەوە كە بەرپرسانی هەر٣ وڵاتەكە لە هەڵسوكەوتەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران نیگەرانن. هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریكا گوتی: شتێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا هەیە، ئەویش ئەوەیە هیچ متمانەیەك بە ئێران لە ئارادا نەماوە، بەڵگەشیان لەسەر دەستێوەردانەكانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە هەیە. سەرەڕای ئەوانەش، ئاماژە بە رۆڵی ئێران لە ناكۆكی و كێشەكانی ئەفغانستان و یارمەتیدانی ڕێژێمی ئەسەد لە مانەوە لەسەر دەسەڵات و كۆمەڵكوژی گەلانی سووریە کرد ، هەروەها دەڵێ، كە ئێران دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكان داهاتووی عێراق دەكا. ناوبراو لە درێژەدا گوتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی پارەوە یارمەتی بەربژێرەكانی سەر بەخۆیان دەدا بۆ ئەوەی كاریگەری بكەنە سەر دەنگدەران و سەركەون. هەروەها داواشی كرد ئێران واز لە دەستێوەردان لە كاروباری عێراق بێنێ و لێگەڕێ هاووڵاتیانی عێراق كاندیدی خۆیان هەڵبژێرن.