کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كاردانه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌مبه‌ر گه‌مارۆ نوێیه‌كانی‌ ئه‌مریكا

00:32 - 6 خاکەلێوه 2718

وه‌زاره‌تی‌ خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریكا ١٠ كه‌سایه‌تیی سه‌ربه‌ ڕێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێرانی‌ له‌ لیستی‌ ڕه‌شی گه‌مارۆكانی‌ خۆی‌ هاویشت كه‌ چالاكیی تێكده‌رانه‌ی سایبێرییان له‌ زانكۆكانی‌ سه‌راسه‌ری‌ جیهاندا هه‌بووه‌. وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران سه‌باره‌ت به‌م گه‌مارۆ نوێیه‌ی‌ ئه‌مریكا كاردانه‌وه‌ی‌ له‌ خۆی‌ نیشان دا و ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئه‌مریكای‌ به‌ دوژمنكارانه‌ زانی‌. وه‌زاره‌تی‌ خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریكا ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ ١٠ كه‌سایه‌تی‌ و شیركه‌تی‌ سه‌ربه‌ سپای‌ پاسداران كه‌ ده‌ستیان له‌ هه‌ككردنی‌ سه‌دان زانكۆی‌ ئه‌مریكا و نێوده‌وڵه‌تی و ده‌یان شیركه‌تی‌ و به‌شه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ ئه‌مریكادا هه‌بووه‌، له‌ لیستی‌ ڕه‌شی گه‌مارۆكانی‌ خۆی‌ هاویشت. ڕۆژێك پاش گه‌مارۆخستنه‌سه‌ری‌ ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تی‌ و شیركه‌تانه‌، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران وه‌ده‌نگ هات و به‌ ناقانوونی‌ و دوژمنكارانه‌ی‌ ناوبرد. جێگری‌ وه‌زیری‌ خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی‌، ڕێژیمی‌ ئێران له‌ هه‌وڵه‌ تێكده‌رانه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌ و له‌ هه‌موو جیهان به‌رده‌وامه‌ و له‌ ڕێگه‌ی‌ هێزه‌ سایبێریی سپای‌ پاسدارانه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی‌ دزینی‌ زانیاری له‌ شیركه‌ت و زانكۆكانی‌ جیهان دایه‌.