کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاستی ئێراندا ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس گیرۆدەی هەمیشەیی ماددە هۆشبەرن

02:13 - 7 خاکەلێوه 2718

لە ساڵی ڕابردوودا، ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس لە ئاستی ئێراندا، ڕۆژانە بە بەردەوامی ماددەی هۆشبەریان بەکار هێناوە و ئەم ڕێژەیەش ٢ بەرانبەری ئاماری ساڵی ١٣٩٠ بووە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی هەواڵ، زۆرترین بەکارهێنەر لە نێو ماددە هۆشبەرەکاندا، "تریاک" و لێگیراوەکانی بووە. لەو پێوەندییەدا ڕاپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا هاتووە کە لە ساڵی ڕابردوودا، ٧٥٠٠ کۆرپە کە لە دایک بوون تووشی بە ماددەی هۆشبەر بوون. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کەمترین ماوەی دەستپێڕاگەیشتن بە ماددەی هۆشبەر دوو خولەکە و سەدی ٦٥ی بەندکراوانی ئێران بە جۆرێک پێوندییان بە ماددە هۆشبەرەوە هەیە. هەروەها ڕێژەی گیان لە دەستداوانی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر سەدی ٦ بەرزبووەتەوە و ڕۆژانە ٨ کەس بە هۆی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، گیانیان لە دەست دەدەن و لە هەمووی ئێراندا ڕۆژانە ١٠٠ کەس گیرۆدە بووانی ماددەی هۆشبەرەوە زیاد دەبێ. بە پێی سەرچاوەکانی ئامار سەدی ٢٢ی کرێکارانی ئێران، ماددەی هۆشبەر بەکار دێنن. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر دەستیان داوەتە توندوتیژی کە پێشتر ئەو چەشنە حاڵەتانە نەبینراوە. بە وتەی یەکێک لە کارناسانی گشتیی ستادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و بەپێی لێکۆڵینەوەکان سەدی ٢٨ی خەڵک ڕوانگەی ئەرێنیان بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەیە. شایانی باسە ئامارە ناڕەسمییەکان باس لە هەبوونی ٤ میلیۆن تووشبوو بە ماددە هۆشبەر لە ئاستی  ئێراندا دەکەن، هەروەها بەپێی ئامارانە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن و خۆشی ماددەی هۆشبەر بەکار دێنن.