کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ٢٦ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

20:30 - 28 خاکەلێوه 2718

ئابووریی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو داڕمان دەڕوا و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر شیرکەتە ئێرانیییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئورووپا لە لایەک و دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی لەئاست نرخی دۆلاری ئەمریکایی، کۆمەڵگای ئێرانیی تووشی گیروگرفت کردووە. حوسێن ڕاغفەر، ئابووریناس و لێکۆڵەری خەڵکی ئێرانی لە وتووێژێکدا بە ماڵپەڕی حکوومەتیی ئیسنای ڕاگەیاندووە، کە بەپێی دوایین زانیارییەکان زیاتر لە سەدی ٣٣ی خەڵکی ئێران لەژێر (هێڵی هەژاریی تەواو دان) و سەدی ٦یش لەژێر (هێڵی برسێتی)دا دەژین بە واتایەکی دیکە  ٥ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی برسێتیدان. ناوبراو دەڵێ لە ڕوانگەی حکوومەتەوە تێچووی مانگانەی خێزانێکی ٥ کەسی ٧٠٠ هەزار تومەنی ئێرانە کە تەنیا بەشی خۆراکی بنەماڵەیەک ناکا. بەپێی پێوەرەکانی بانکی جیهانی، لە هێڵی هەژاریی تەواودا بۆ هەر کەسێک ڕۆژانە یەک دۆلار و هەشت سێنت لەبەرچاو گیراوە. حەسەن ڕاغفەڕ لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا دەڵێ، بە پێی ئامارەکان سەدی ٣٣ی حەشیمەتی وڵاتی ئێران، واتە نزیکەی ٢٦ میلیۆن لە خەڵکی ئەو وڵاتە لەژێرەوەی هێڵی هەژاریی تەواو دان. بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماری ژێر هێڵی هەژاریی تەواوی، ئێرانی بڵاونەکردووەتەوە و زستانی ڕابردووش بێهروز بونیادی، نوێنەری مەجلیسی ئێران و ئەندامی ژووری بازرگانیی مەجلیس، وێڕای دژایەتیی کەمکردنەوەی ١٩ هەزار میلیارد تومەن لە یارانەی نەغدیی وڵات، گوتی، بەپێی ئامارەکان سەدی ٣٢ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی تەواودان و،  لە ناوچە سنوورییەکان و گوندەکان ئەو ڕێژەیە بۆ سەدی ٦٠ بەرز دەبێتەوە. شایانی باسە ڕێژەی حەشیمەتی برسی و ئاماری ژێر هێڵی هەژاریی ئێران زۆر لەوە زیاترە، کە میدیا  ڕاگەیەندکانی سەر بە ڕێژیم هیچ کات بە شێوەی ڕەسمی بڵاوی ناکەنەوە.