کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا شیرکەتێکی چینی لە لیستی گەماڕۆکانی خۆی هاویشت

20:33 - 28 خاکەلێوه 2718

وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا پاش سزادانی ماڵیی شیرکەتێکی چینی بە هۆی هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر چەشنە مامەڵەیەکی لەگەڵ شیرکەتەکانی وڵاتەکەی لێ قەدەغە کرد. هەواڵدەریی ڕۆیتیرز ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا شیرکەتی ZTE چینی بە هۆی فرۆشتنی کەلەپەلی قەدەغەکراو بە ئێران و،  کورەی باکوور بۆ ماوەی ٧ ساڵ گەماڕۆی خرایەسەر. بەو پێیە  شیرکەتی ZTE چینی لەوە بەدواوە بە هیچ شیوەیەک ناتوانێ مامەڵەی بازرگانی و تیجاری لەگەڵ شیرکەتەکانی ئەمریکا بکا. ئەو شیرکەتە کەلوپەلی تێکنۆلۆژیی لە ئەمریکا کڕیوە و بۆ ئەو دوو وڵاتەی ناردووە. هەر لەو ماوەیەدا ٢٨٣ باری ناقانوونیی بۆ کورەی باکوور ناردووە و پێشێلکاریی گەماڕۆکانی ئەمریکای کردووە. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ڕایگەیاند لەوە بە دواوە بۆ ماوەی ٧ ساڵ ئەو شیرکەتە هەموو مامەڵە و چالاکییەکانی چاودێری دەکرێن و هەر چەشنە لادانێکی بێ سزا دەدرێ. دادگای فیدراڵی تێگزاس بە هۆی پێشێلکارییەکانی ئەو شیرکەتەی بڕی ١٩/١ میلیارد دۆلار سزای نەخدی مەحکوم کردووە. شیرکەتی ZTE چین، خاکەلێوە ساڵی ١٣٩٥ پاش ئەوەی کە ئەمریکا فشاری بۆسەر ئەو شیرکەتە هێنا و بە ناچاری ئێرانی بەجێ هێشت و هەموو گرێبەستەکانی لەگەڵ تاران هەڵوەشاندەوە.