کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زلهێزەکانی جیهان لە بارەی ئێرانەوە پشتیوانی لە تڕامپ دەکەن

20:30 - 11 بانەمەڕ 2718

ڕۆژی ڕابردوو ڕێبەرانی ٣ وڵاتی بریتانیا و فەرانسە و ئاڵمان ئامادەیی خۆیان دووپات كردەوە کە پێویستە لێكۆڵینەوە لە چەند لایەنێكی گرینگ لە ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران بکرێ، بە مەرجێک کە تەنیا لایەنەكانی بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیکی و چالاكییەكانی ئێران بگرێتەوە کە بەو هۆیەوە ناوچەکەی ئاڵۆز کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا دەفتەری تێریزا مای سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دوابەدوای پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن سەركۆماری فەرانسە و ئانگێلا مێركێل راوێژكاری ئاڵمان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە بە ڕەسمی پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران بکەن.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە كە هەر٣ ڕێبەری ماكرۆن و مای و مێركێل لەسەر پاراستنی ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران پێداگربوونەوە، لەسەر ئەو بڕوایەن کە تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەی کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگا، پاراستنی ئەو ڕێکەوتنەیە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێکەوتنەدا هاتووە کە درێژە بە پشتیوانیكردنی ئەمریكا لە هەمبەر چارەسەری كۆمەڵێك گرێ كوێرە لەبارەی مەترسییەكانی ئێران دەدەین.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ترامپ و نتانیاهۆ لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا لەبارەی هەڕەشە، مەترسی و  ئەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە و بەتایبەت پرسی پێوەندیدار بە چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێرانەوە هەیە، بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.
لە ماوەی ٣ حەوتووی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین جارە کە ڕێبەرانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە گفتوگۆی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن. پێشتریش کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە ترامپ و نتانیاهۆ پێداگرییان لەسەر "هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارە تێکدرانە و ناسەقامگیرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە" دەکەنەوە.