کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی ئیسرائیل لەبارەی ئێران تاوتوێ دەکا

20:50 - 11 بانەمەڕ 2718

قسەکانی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی نهێنیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە. بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان ڕۆژی ڕابردوو، کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەو بەڵگە و دیکیۆمێنتانەی کە ئیسرائیل لەبارەی بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، بە وردی تاوتوێ دەکەین. بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە دەستیان بە 55 هەزار بەڵگەی تایبەت بە چالاکییە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیشتووە کە نیشانەی ئەوەیە کە تا ئێستا کۆمەڵگەی جیهانیی فریو داوە. خستنەڕووی ئەو بەڵگانە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە حاڵێکدایە کە محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە قسەکانی بنیامین نتانیاهۆ ڕایگەیاندووە: "ئەو بەڵگانە کۆنن و دووبارەبوونەوەی هەمان بەڵگەکانی ڕابردوون کە لەلایەن ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ناوکییەوە تاوتوێ کراون". بەپێی بەڵگەکانی ئیسرائیل و قسەکانی بنیامین نتانیاهۆ، ئەو بەڵگانە دەیسەلمێنن کە ئێران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێشەرمانە فریو داوە و پاش ڕێکەوتنی ناوکیش، دریژەی بە بەرنامەی ئەتۆمی داوە و چالاکییە نهێنییەکانی بۆ شوێنێکی نادیار و دوور لە شوێن و بنکە ڕەسمییە ئەتۆمییەکان گواستووەتەوە. بنیامین نەتانیاهۆ ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە "نیو تۆن بەڵگە" کە پێکهاتووە لە 55 هەزار بەڵگە لەسەر 183 CD لەبارەی چالاکییە نهێنییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران لە دۆسیەیەکدا بەناوی "عیماد" لەلایەن ئسیرائیلەوە خراونەتە ڕوو کە ئەم بەڵگانە "دەسکەوتێکی مەزنی گەورەی زانیارین" کە هەتا ئێستا نەبینراون و بڕیارە لە سەفەرێکدا بۆ ئورووپا پیشانی ڕێبەرانی ئەورووپایش بدرێن.