کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران سەرچاوەی هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ عێراق

19:58 - 28 خەزەڵوەر 2718

" ڕەشید فەلیح" بەڕێوەبەری پۆلیسی "بەسرە" ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویی، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە ٨٠ لەسەدی مادە هۆشبەرەکانی شاری "بەسرە" لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێن و ئێران گەورەترین سەرچاوەی مادە هۆشبەرەکانە بۆ عێراق. پۆلیسی "بەسرە" ماوەی حەوتوویەکە بۆ بەرنگاربوونەوەی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای "بەسرە" چالاکییەکی ئەمنییەتی دەسپێکردووە. "فەلیح" ڕایگەیاند کە ئەو مادە هۆشبەرانەی کە لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێن، جۆراوجۆرن و یەکێک لەوان "کریستاڵ"ە. ناوبراو خوازیاری حوکمی لە سێدارەدانە بۆ بازرگانە گەورەکان کە مادە هٶشبەرەکان دەگەیەنە شاری "بەسرە". شایانی باسە کە شاری بەسرە سەد کیلۆمیتر لە گەڵ ئێران سنووری هاوبەشی هەیە و ساڵی ڕابردوو خەڵکی بەسرە خۆپێشاندانێکی گەورەیان دژی دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق وەڕێخستوو و کۆنسولخانەی ئێرانیان ئاگرتێبەردا. جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر، لە شاری " دەهۆک" لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر ٥٠ کیلۆگەرەم مادەی هۆشبەرداگیرا و هەروەها لە شاری "سۆران" دەسبەسەر ٧کیلۆ و ٢٠٠ گەرەم مادەی هێرۆیین داگێرا کە لە ئێرانەوە هەناردەی باشووری کوردستان کرابوو. هەر لەو پێوەندییەدا، مانگی ڕابردوو پۆلیسی "ئیتالیا" دەستی بەسەر ٧٢٠ کیلۆ هێرۆئین داگرت کە لە "بەندەرعەباسە"ەوە هەناردەی ئیتالیا کرابوو. ئێران دەمێکە بۆتە سەرچاوەی مادە هۆشبەرەکان و خەڵکێکی زۆر بە تایبەت گەنجان لە ئێران گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوون و بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بازرگانی ئەسڵی ئەو مادە هۆشبەرانەیە و بەکارهێنانی ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسندندایە و بە سەدان هەزار کەس پێوەی گیرۆدە بوون و ژیان و جەستەیان تێکچووە یا گیانیان لەدەستداوە.