کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسۆکی

17:11 - 1 سەرماوەز 2718

ساڵانێکە، بەتایبەت لە سەرەتای ئۆلی وەچەی مرۆڤ، نازناوی وەک مرۆڤی گەورە (ئەشرەف)ی خوڵقاوان و بوونەوەری بیرمەند، وشیار و قسەکەر و... بە مرۆڤەکان دەبەخشن. بەڵام کاتێ دەڕوانینە دونیای دەرەوە و بەتایبەت ڕابردووی مرۆڤ دەبینین، تاڕمایی، تاریکی و نەزانین و زوڵم؛ بەشی هەرەزۆری ئەو مێژووەی پێک هێناوە و ئەوە کە کەمتر سەرنجی درابیتێ ڕەسەنایەتیی بنیام و گرینگیدان بە ماف و ئازادییەکانی بووە، پێگەی ئینسان بەردەوام لەژێر نیسێی خواوەندی زێڕ و زۆردار و فرت و فێڵ و دڕۆ لە هەڕەشە و مەترسی دابووە و بەشێوازی جۆراوجۆر وەک دیل و یەخسیر کەڵکی نابەجێی لێ وەرگیراوە کە ئا لەم پێ ڕێیەدا لە هەموو جۆرە توندوتیژی و چەختی گەرییەک کەڵک وەرگیراوە، بە جۆرێک کە مرۆڤایەتی بە کردەوە نرخی وەک کاڵا و تشت دابەزیوە و مامەلەی پێوە کراوە. بە سەرهەڵدانی چاخی ڕەوشەنگەری؛ پێناسەیەکی سەربەخۆ و نوێ لە مرۆڤ، بووە خۆرە و مێشکی خەڵکی تەنی، لەمەوبەدوا بەشەر نۆکەری ئاغای بەهێز و زاڵم و خوایانی سەرەرۆ نەبوو، ئەمجارە خاوەنی مافی خۆی و ئەوەی کە شیاوی بوو، بەتایبەت لە ئایینەکاندا دانی پێدانرا، ئاکامی ئەمە سەرهەڵدانی بیری خەڵکسالاری و بەشداری لە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادییەکانیان بوون، کەم و زۆر لە گۆشە و کەناری جیهان یا کاری پێ دەکرێ یان بۆتە بانگەشە و ئەم بیرۆکەیەش ناچەسپێ مەگین بە دەستپێکی پرسۆکی و وروژاندنی پرسیارگەلی جۆراوجۆر نەبێ. بەداخەوە دەگەڵ ئەوەیکە چەند سەدە لە سەرهەڵدانی چاخی ڕەوشەنگەری تێ دەپەرێ و زۆرێک لە زبروزووری و کاڵفامییەکان لە چوارقورنەی ئەم جیهانە بەرەو لەنێوچوون ڕۆیوە، لێ مەخابن ئێستاشی دەگەڵ بێ لەناو هەنێ لە مرۆڤەکانی وەک ئێمە و وڵاتانی جینارمان لە نێوان ئەوەی کە هەیە و ئەوەیکە دەبێ ببێ، مەودایەکی زۆر دەبینرێ، ئێستاش زۆرکەس هەن خۆیان دە نیزامی ئاغا و ڕەعیەتی وێنا دەکەن و بۆخۆیان و بۆ دەوروپشتیان مافی مرۆڤایەتی دانانێن، ئەمە لە کزبوونی ئاوەز نییە بەڵکوو لە نەبوونی یا کێمبوونی ئیرادە و غیرەتە. پاڵەوانی نەک بە مانای بازوو و باهۆ بەڵکوو لە جسنی دانپێدانان بە نەفامی و نەزانی، بە لەونی گوتنەوەی قسەی حەق و پرسیار کردن. پرسیارێک کە وڵامەکانیان هاسان و جۆراوجۆرە و گەشتن بە وڵامەکان بە ڕواڵەت ئاسایی، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی دەوێ، ئەو کات مرۆڤەکان خۆی لێ نەدزنەوە و لێی سارد نەبنەوە. ئێمە بمانەوێ و نەمانەوی بەشێک لە بیرۆکە و مافی دانپێدراو لە سەردەمی ڕووناکیدەریمان لە گەلانی تری جیهان بینیوە و هەستمان پێ کردووە بەڵام ئەوەی کە بەرپرسیارەتی ئەم مافەیە یا درکمان پێ نەکردووە و یا نەمانویستووە کە بیزانین. بێ بیرکردنەوە لەمەڕ ڕەگ و ڕیشەکان، هەوڵ دەدەین یا وەک خەڵکانی سەردەمانی زوو بجۆڵێینەوە کە ئەمە بەرهەمی کرداری دۆخی ئەوکات کە توندئاژۆیانە و ڕادیکاڵانەیە و زۆرتر بەکەیفی ئەربابەکانە بۆ پاساو هێناوەی سەرکوت کردنمان یا بە شێوازی چەند هەزار ساڵەی خۆمان کە بە جێگای داواکاری، داخوازیەکانمان لەو دەستەڵاتە پووچانە، زیز و زویر دەبین. ئەوەش دەزانین کە دەبێ دەگەڵ دۆست نزیک بین و لەتەک دوژمن نزیکتر، ڕێگە چارەی ئەمە تەنیا و تەنیا برەو دان بە «پرسۆکی»یە، پرسیار لە خۆمان لە دۆستان و گرینگتر لە هەموان پرسیار لە، لار_بیران(کاڵفامەکان). بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر پرسیارمان هەن. پرسیار لەبۆ دەربازبوون لە نەفامی و نەزانین کە ئازادیی بیر و هزر بەرهەم دەهێنێ و پرسیارێک کە مرۆڤ ناچار بکا بەبێ کەڵکوەرگرتن یا چاولێکەری و پشتبەستن بە هێزی زانستی خۆی بەبێ ترس و دڵەڕاوکە لە ناوی گەورەکان کە ڕەنگبێ ڕێگای هەڵەیان پێوابێ، ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. ئەم پرسۆکییە ئەرکی ئێمەیە لە هەر کەسێکی بکەین، تەنانەت ئەگە پێمان وابێ ئەو کەسە زۆر نەفامە، چونکە زانینی باوەری کاڵفامانیش دەتوانێ یارمەتیمان پێ بدا و لە نەزانین و گەوجێتی دەرمان بخا. هەتا ئەم پرسۆکییە نەبێ هیچ هیوایەک نییە کە مرۆڤ لە داوی ئەو هەمووە بیرۆکە ڕووخێنەرانە ڕەها بێ تەنانەت ئەگە بە زوبان؛ نەزەر و بیرۆکەی ڕووناکبیرانی لەبەر بێ، بە دڵ هەستی پێناکا و هەتا ئاوەز ئازاد نەبێ هیوایەک بەدی ناکرێ. هەتا بیرێکی ئازادمان نەبێ چۆن دەتوانین بەدوای بەرابەری و ڕاستیدا بگەڕێین بۆ بەختەوەری و خۆشبەختی تێ بکۆشین؟ هەر بۆیە با، بە پرسیار بین و ئەوەی تریش هان بدەین بەڵکوو نەفامی و نەزانین لێمان بتۆرێ، هەتا گەوجێتی هەبێ، مەزلوومیش هەیە، با بزانین و وشیار بین کە هۆکاری مەزلومیەت لە نەزانینە و بە هیچ شێوەیەک هێمای پێخوستی ماف نییە، بەڵکوو ڕێک خودی زوڵمە، چوونکە ئەوە نەزانەکانن کە زاڵم دەخوڵقێنن و ئەگە وشیار و وشت بین کەس ناتوانێ زوڵممان لێ بکا. بەشێکی تر لە پرسۆکی کە دڵی نەفامان دێشێنێت ئەوەیە، وشەیەکی حەقە کە زۆر سادە و ڕەوان بەدوور لە هەرجۆرە ئیهانە و تانە تەشەرێکە، بەوانەی کە مافی ئەوەیتریان زەوت کردووە، دەگوترێ. ئەم پرسۆکییە ئەگە بە جوانی و دلێری و ڕاوەستاوی دووپاتە ببێتەوە _بە تایبەت بە کۆمەڵ_ لە هەر چەک و چۆڵێک بۆ داماڵینی کاڵفامان بەهێزترە. کاڵفامەکان ڕاوێژی چەت و تاڵیان پێخۆشترە ئەوان زمانی زبروزووریان پێ باشترە، چوونکە ئەم شێوازە چاکتر دەزانن، ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە نابێ هیچ کات بەو زمانە بدوێی، گاندی دەڵێ لە نێوان ترس و تووندوتیژی من توندوتیژی بە باشتر دەزانم. هەڵبەت ئەم دەورانە زۆر تەوفیری هەیە دەگەڵ چاخی ڕابردوو، پێشتریش ئاماژەمان پێدا ئێمە نابێ تاکە ڕێگای پێشوو کە تاقی کراویتەوە بۆ ڕاوەستان هەڵبژێرینەوە، لەم چاخە بە هۆی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیا و ئامێری پێوەندی، گەشتنی پەیاممان بە گوێی یەکتر و تەنانەت کاڵفامەکان- گرینگ نییە لە وڵاتی ئێمەدابێ یا لە هەر شوێنەک- لەتەک هیچ دەورانێک لە دیرۆک هەڵناسەنگێردرێ، بۆیە با بەپرسیار بین و برەو بە پرسۆکی بدەین با نەزانەکان بە هۆی زۆربوونیان ناچار بە بەرسڤ بن. کەوابوو لە هەنگاوی یەکەمدا با فێری پرسۆکی بین و بزانین و وشیار بین کە پرسۆکی ڕەگە، ڕەچەیە، بناخەیە، بنەمایە و ئەم نووسینەش بەراییەکی بۆ ئەو باسە، بە پرسیار بین و برەو بە پرسۆکی بدەین.