کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی جۆراوجۆرییە نەتەوەییەکان لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا

17:19 - 1 سەرماوەز 2718

ناکۆکیی نەتەوکان لەسەر پرسی جۆراوجۆر لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا هەموو کات لە ژیانی سیاسیی دەوڵەتانی حاکمدا ڕۆل و کاریگەریی زۆریان بووە. لە ڕابردوودا دەست بەسەرداگرتنی وڵاتێک لەلایەن نەتەوە یا دەوڵەتێکی ترەوە یەکێک لە هۆکارەکانی درووستکردنی ستاتۆ بۆ نەتەوەی براوە و سەرکەوتوو بووە. لە مێژووی بۆچوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، ڕەسەنبوونی نەتەوەیەک بە سەر نەتەوەکانی ترەوە یەکێک لە ئەندێشە کۆنەکان بووە. هەر وەک چۆن ئەرەستۆ لێکدانەوەی بۆ دەکا و دەڵێ: هیندێک نەتەوە ئاغا و کوێخای هیندێک نەتەوەی دیکەن، یا لە ئالمان نووسەرانی ئاڵمانی دەڵێن نەتەوەی سامی لە بەرامبەر نەتەوەی ژێرمەن نەتەوەی دۆڕاون. ئەمڕۆ ئەم بۆچوونە لەلایان نەتەوەی فارس و عەڕەب و تورکەوە لە بەرانبەر نەتەوەی کورد لە چوار بەشی کوردستان کە خاوەن خەڵک، جوغرافیا و شوناسی خۆیەتی و ڕابردووی دوور و درێژ و داهێنانی باش و جوانتری لە هەمووی ئەم نەتەوانە زیاترە، پەیرەو دەکرێ. دیارە بێشک ئەم بۆچونی بیرمەندانی ئالمانی و فاشیستەکانی تورک و عەڕەب و فارس هەلەن و لایەنگیری لە نەتەوەی خۆیان تێدایە، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو وێژمان و بۆچوونە دوورن لە لێکدانەوەی درووست و عەقلانی. هەڵبەت گرتنەبەری ئەم بۆچوونە راسیستییە لە بەرامبەر نەتەوەی کورددا و سیاسەت پێکردنی سەرچاوەی زۆر ڕووداوی سیاسی و مێژوویی بووە و هەروەها بەردەوامی و نهادینەبوونی زۆر کیشە و ناکۆکیی نێوان نەتەوەکانی لێ کەوتووەتەوە. لە وڵاتانی فرە کولتوور و شوناسدا، داواکردنی مافی سرووشی و یاسایی نەتەوەی ژێردەست لە پێناو دەستەبەری ژیانێکی شایستەدا کە ئەم مافانە لەلایەن نەتەوەی باڵادەست و دەوڵەتی ناوەندی زەوت کراوە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیی سیاسی و یاسایی و دواجار کەوتنەوەی توندوتیژی لە نێو ئەم وڵاتەدا. ئەم ناڕەزایەتییانە بێتوو ڕێگای دەربڕینی مەدەنییانەی پێ درابێ، ئەوا لە ڕێگای یاسا و پارلمانەوە بە شێوازێکی شارستانییانە هەوڵی دەستەبەرکردنی دراوە. بەڵام بە پێچەوانە ئەگەر نیزامە سیاسییەکە وەک ئیران نادێموکراتیک بووبێ، ئەوا نەتەوەکان هەموو شێوازی خەبات و تێکۆشانیان گرتووەتە بەر، وەک خەباتی سیاسی، مەدەنی و چەکداری و ... لە چاخی ئێستادا و دوای دروستبوونی دەوڵەت_نەتەوەکان، وەبەر یەککەوتنی نەتەوەکان زۆرتر بووە، هەروەها پێ بەپێی گەشەکردنی کۆمەڵگە مرۆییەکان وریایی سیاسی و نەتەوەیی گەلانیش گەشەی باشی کردووە؛ بۆیە نەتەوەی سەردەست لە ترسی لە دەستنەدانی جێگەوپێگەی خۆی، پتر سیاسەتی سەرکوت و تواندنەوەی نەتەوە بندەستەکان دەدا. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە باس و شڕۆڤەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ سیستم جێگای بایەخی زۆرە. لەو دەربیجەیەوە باس لەوە دەکرێ کە لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا هەستی ناسیۆنالیستیی هەر کام لە نەتەوەکان لە بەرامبەر یەکتری دەبێتە هۆی یەکگرتوویی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، وە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی نەیهەوێ یان نەتوانێ بە هاوبەشکردنی گشتیی نەتەوەکان ئەم هەستیارییە نەتەوەییە مودیرییەت بکا؛ هەم شوینیزم سەر هەڵ دەدا و هەم ڕێگە بۆ پێکدادان خۆش دەکا. بێشک بەپێی ئاستی دیمۆکراتبوون و نادێموکراتیکبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی فرەشووناسدا، هەستی نەتەوەیی و شێوەی تەعامولی کەمایەتی و جۆراوجۆرییەکان لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا جیاوازیی هەیە، بۆیە چەندی و چۆنی مەیل و ئینتیمای ئەم کەمایەتی و جۆراوجۆرییانە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بەندە بەوەی کە لەکوێی پێکهاتەی سیاسیی وڵاتدا جێ دەگرن؟ شوناسی نەتەوەیی و بایەخە نیشتمانییەکانیان لە وڵاتدا بە چ شێوەیەک ڕەنگی داوەتەوە و ئایا حوکمەتی ناوەندی جۆراوجۆرییەکانی پێکهاتەی وڵاتی لە پێناو بەهێزکردنی یەکگرتووانەی وڵات و دەسەڵات بەکار هێناوە؛ یان لەڕێگەی دەسەڵات و هێزەوە کەوتووەتە بەرامبەر ماف و شوناسی داوای جۆراوجۆرییەکان؟ بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە تا ئێستاش پرسی کورد لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بە ئاکام و دواوێستگەی خۆی نەگەیشتووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ هەر هەمان عەقڵییەتی دەسەڵات لە ناوەند دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی جیاوازییەکان، حاشاکردن لە واقعەکان و تواندنەوەی جۆراوجۆرییەکان خۆی پێناسە دەکا. لە بەرامبەر ئەوەشدا نەتەوەی کوردە کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتێکی شێلگیرانە و شوناسخوازانەی کردووە و لەسەری بەردەوامە. ئەوەی لەو نێوەدا بەرهەستە پێکدادانی دوو عەقڵییەتە بە دوو ئاراستەی لێک جیاوازدا. کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بەپێی هەموو فاکتەرێکی نێونەتەوەیی بۆ پێناسەی «نەتەوە»، وەک زمان و خاک و مێژووی هاوبەش و هەروەها ئیرادە و ویستی هاوبەش نەتەوەیەکی تەواو سەربەخۆیە و بەو سەربەخۆیی و جیاوازییەی خۆشیان دەزانن؛ بەڵام دیسان خوازیاری چارەسەری ئاشتییانە و دێموکراتیکی پرسەکەیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لەهەر کام لە بەشەکانی کوردستانن. سیاسەتی ڕەسمیی هەموو حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دابینبوونی مافە نەتەوەیی، سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە دایە کە بەسەریاندا دابەش کراون و دەیانەوێ هاوبەشییان لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵاتدا هەبێ. لە بەرامبەر ئەوەدا عەقڵییەتی حوکمەتە ناوەندییەکانی کە مانەوەی دەسەڵاتی داسەپاوی خۆیان تەنیا و تەنیا لە حاشاکردن و سڕینەی مافەکانی ئەوانیدا دەبینن. وەبەر یەککەوتنێک کە دواجار هەر لە بەرژەوەندیی نەتەوەکان دەشکێتەوە، چونکی هەم سەردەمی حاشاکردن و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکان بەسەر چووە و، هەم «کورد» وەک یەک لەو نەتەوانە کە ڕووبارێک خوێنی داوە ئامادەیە کۆڵ بدا و بەچۆکدا بێ.