کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەری دێرین و باوکی شەهید "نەسرین حەداد"ماڵاوایی لە ژیان کرد

18:05 - 1 سەرماوەز 2718

بەپێی هەواڵێک کە بەدستمان گەیشتووە ، کاک کەریم حەداد تێکۆشەری دێرین و ناوێکی ئاشنا بۆسەرجەم خەباتکارانی دێموکرات رۆژی ١ی سەرماوەز بەرانبەر بە ٢٢ی نوامبری ٢٠١٨ لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک کەریم حەداد هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ئەوە کە باوک و خاڵەکانی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوون لە گەڵ سیاسەت و نیشتمانپەروەری ئاشنا بووە هەر لەو کاتانەدا کە تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە لە گەڵ کۆمەڵێک لە هاو تەمەنەکانی لە شاری سەردەشت یەکییەتی لاوانی دێمۆکڕاتیان دامەزراندوە و خۆشی بوو بە یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکیەتییەکە. پاش تێپەڕینی چەند ساڵ بە سەر ڕووخانی کۆماری کوردستان و بووژانەوەی حیزبی دێمۆکڕات بوو بە ئەندامی حیزب و وەک ئەندامێکی کارا و چالاک دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد، هەر بەو هۆیەوە وەک نوێنەر بۆ بەشداریی لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب کە لە گوندی "سونێ"ی باشووری کوردستان پێک هات، هەڵبژێردرا. دوای کۆنگرەی دووهەم و گیرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ساڵەکانی ٣٧ و ٣٨ کاک کەریم وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا و، لە گەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لە ژێر زەبر و زەنگی رێژیمی پاشایەتیدا دەستیان بە تێکۆشان کرد. کاک کەریم یەکێک لەو کەسانە بوو کە جیا لە ئەرکی خزمەت لە ناو حیزبەکەی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە جووڵانەوەی باشووری کوردستان کرد، ئەو بە ناوی تیجارەتی جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی بەشێکی پێشمەرگەکانی باشووری دابین دەکرد. لە جەریانی جووڵانەوەکانی ٤٦ و ٤٧ دا یەکێک لە هاوکارانی نیزیکی شەهیدان مەلا ئاوارە و سولەیمان موعینی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە پاش دەستگیرکرانی مەلا ئاوارە بە ناچاری لە بەر ئەوەی نەکەوێتە مەترسیی دەستگیرکرانی لە لایەن رێژیمی شاوە، ئاوارەی باشووری کوردستان بووە. لە باشوور لە گەڵ ئەو هاورێیانەی کە پاش تێک شکانی جووڵانەوەی٤٦ و ٤٧ گەڕابوونەوە باشووری کوردستان یەک دەگرنەوە و تێکۆوشانی حیزبی دەست پێدەکەنەوە. هەر لەو سەردەمانەدا کە ماڵی لە قەلادزێ بووە دەکەوێتە بەر هێرشی پیاوەکانی رێژیمی شا و نارنجۆکی دە ماڵەکەی دەهاوێن کە بە خۆشییەوە زیانی گیانی لێ ناکەوێتەوە. پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی کادر و رێبەرایەتیی حیزب بۆ ناو خۆی وڵات کاک کەریم وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت دیاری دەکرێ و رێکخراوی شارستانی سەردەشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکاتەوە. کاک کەریم لە تەمەنی ٦٥ ساڵی‌دا بە هۆی نەخۆشی خانەنشین دەبێ و وەکوو ئەدامێکی بەوەفا تا دوا هەناسەی لەخەمی گەل و نیشتمانەکەی‌دا بوو. شیاوی باسە کاک کەریم حەداد باوکی شەهید نەسرین حەداد ناسراو بە مامۆستا "نەسرین"ە و خاڵۆزای شەهید محەممەد حەسەن‌پوورە، کە لە ئاکامی مووشەکبارانی سپای پاسداران لە قەڵای دێموکرات شەهید کران. ئەوتێکۆشەرە خۆشناوە دوای تەمەنێک ژیان بە سەرفەرازی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز لە وڵاتی سوید لە تەمەنی ٨٨ ساڵەی‌دا دڵە پڕ لە هیواو ئاواتەکەی لە لێدان کەوت. ناوندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئەمەگناسی لەهەمبەر تێکۆشانی بێ‌وچانی کاک کەریم حەداد، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی حەداد، حەسن‌پوور و حەکیمزادە و، سەرجەم خەڵکی دێموکراتدۆستی ناوچەی سەردەشت دەکا و، خۆی بە شەریک وبەشدار لە خەمیان دەزانێ.