کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەتا ١٠ی قوتابیانی پارێزگای سنە وازیان لە خوێندن هێناوە

19:52 - 1 سەرماوەز 2718

جێگری ئامووزشی ناوەندیی ئیدارەی پەروەردە ، ڕایگەیاند کە لە ساڵی خوێندنی ئەمساڵ لە سەتا١٠ی قوتابیانی پارێزگای سنە وازیان لە خوێندن هێناوە کە ئەمە بۆ خۆی کارەساتێکی فەرهەنگی و خەسارێکە لە بەشی پەروەردە و فێرکردن. بە پێی قسەکانی مەهدی نامداریی جێگری ئامووزشی ناوەندیی ئیدارەی پەروەردەو فێرکاریی پارێزگای سنە ئەو رێژەیە لە قوتابیان کە وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەگەر ڕێگاچارەیەکی بۆ نەدۆزرێتەوە زیاتریش دەبێ و هۆکاری جیاجیا هەیە کە یەکێک لەوان بۆ هەژاری و دەسکورتی بنەماڵەکان دەگەڕێتەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا دەڵێ زۆربەی ئەو قوتابیانەی کە واز لە خوێندن دەێنن کچانن و بە پێی بیروڕای ناوەندە پێوەندیدارەکان دەبێ بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەنگاوی بەکردەوە هەڵێنن و واز لە قسە وباسی بێ کردەوە بێنین. چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم بەشی پەروەردە لە توانای ئیدارەی پەروەردە و تەنانەت وەزارەتخانەش بە دەرە و ، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی ئابووریی وڵات کە زیاتر لە جاران بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە، لە داهاتوو ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە نێو قوتابیانی شارەکانی کوردستان زۆرتر دەبێ کە ئەمەش خەسارێکی گەورەیە. یەکێک لە خەسارەکانی وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن ئەوەیە کە یان لە تەمەنی خوارەوە هاوسەرگیری دەکەن، یان ڕوو دەکەنە هێندێک کاری ڕەش و نایاسایی و تووشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دەبن. جێی ئاماژەیە نەبوونی قوتابخانەی پێویست لە ئاواییەکانی کوردستان یەکێکی دیکە لە هۆکاری وازهێنانی قوتابیانە لە خوێندن. بەگوێرەی ئامارێک کە بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاندووە، یەک لەسەر سێی قوتابخانەکانی ئێران مەترسیی داڕمانیان لەسەرە.