کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیزەر ناوێرت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر، ڕێکاری توند بە دژی ئێران دەگرینەبەر

20:06 - 1 سەرماوەز 2718

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ دژایەتیی تێرۆر لە دەرەوەی سنوورەکان و دابینکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەڵوێست و ڕێکاری توند دەگرینە بەر. ناوبراو ڕایگەیاند کە" ئێمە بۆ پشتیوانی لە داواکانی خەڵکی ئێران و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی نێونەتەوەیی لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین و، دنیا دەبێ یەکگرتوانە وەڵامی "نا" بە خراپەکارییەکانی ئێران بداتەوە. شایانی باسە کە خانمی "ناوێرت" هەر لە پێوەندیی لە گەڵ گەمارۆکانی ئێران ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی ئێمە بۆ سەر ئێران، خەڵکی ئێران و لایەنی بەشەردۆستانەی وەک دەرمان و خۆراک ناگرێتەوە و ئەوە لە گەڵ سیاسەتی ئەمریکا ناتەبایە و لەو پێوەندییەدا کاربەدەستانی ڕێژیم زانیاریی هەڵە دەدەنە خەڵک. جێی‌ئاماژەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی، لە قسەکانیان دا باس لەوە دەکەن کە گەمارۆکان تەنیا کاریگەرییان لە سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی هەیە و، هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نابێ، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ وەڵامی ئەو چەواشەکاریانەی ڕێژیمی ئاخوندیی، دەڵێن " ئەوە سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامییە کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی دەباتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و، خەڵکی تووشی نەهامەتیی کردووە نەک گەمارۆکانی ئەمریکا. کەمبوونەوەی ئاو و کێشەی ئابووریی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هیچ پێوەندیی بە ئەمریکا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە نییە.