کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسێکی نیشتماندۆست و کوردپەروەر لە بۆکان

20:45 - 1 سەرماوەز 2718

کەسێکی گەلدۆست و نیشتمانپەروەری خەڵکی ناوچەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵێک کە لە بۆکانەوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک جەعفەر ئارامش برای سێ شەهیدی سوورخەڵاتی گەلەکەمان بە ناوەکانی "کەریم و سولەیمان و محەممەد ئارامش" دوای تەمەنێکی ژیان بە ڕووسووری رۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر لە شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک جەعفەر وەکوو کەسێکی نیشتمانپەروەر شان بەشانی براکانی دژ بە سپای داگیرکەری کوردستان ڕاوەستاو، هەموو کات پشت وپەنای تیکۆشەرانی دێموکرات بوو. ناوبراو وەکوو نیشتمانپارێزێکی دڵسۆز لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان کەسێکی جێ‌باوەڕی خەڵک و خۆشناو بوو، کە دوای سەربردەیەکی پڕشانازیی لە تەمەنی ٥٨ ساڵی‌دا ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک جەعفەر ئارامش بەهۆی پشتیوانی و پاڵپشتی کردن لە خەباتکارانی دێموکرات تووشی ئازار وئەزیەتی ناوەندە ئەمنییەکانی رێژیم بوو و چەند جاریش دەسبەسەرکرا، بەڵام هەتا دوایین هەناسەی ژیانی، بۆ سەرکەوتنی گەلە بندەستەکەی دڵی لێدەدا و، هەر بەو ئاواتەش سەری نایەوە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەئەرکی خۆی دەزانێ کە یادوبیرەوەریی تێکۆشەرانی خۆنەویستی کورد بەرز ڕابگرێ و بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی بۆکان، بەتایبەتی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری "ئارامش" دەکاو، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.