کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

15:26 - 4 سەرماوەز 2718

ساڵی ١٩٦١ی زایینی و لە رۆژی ٢٥ی نوامبردا سێ خوشک بە نازناوی بنەماڵەیی "میراباڵ" لە کۆماری دومینیکەن بە تاوانی چالاکیی سیاسی بە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئەو وڵاتە پاش چەند مانگ راگیران و ئەشکەنجە لە زیندان کوژران. ٣٨ ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو رۆژە لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان ناسرا . لەو کاتەوە هەموو ساڵی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆمەڵێک چالاکی بۆ وریاکردنەوەی کۆمەڵگا و پێشگرتن و نەهێشتنی تاوان و توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوە دەچن. ئەگەرچی دیاردەی تاوان و توندوتیژی بە دژی ژنان دیاردەیەکی جیهانیە و رۆژانە کۆمەڵێک لە کچان و ژنان لە سەرانسەری جیهان دەبنە قوربانی ئەو دیاردەیە بەڵام بەداخەوە ئەو رێژەیە لە وڵاتانی دواکەوتوودا زۆر زیاترە. لەو نێوەدا وڵاتی ئێران و کوردستانی بندەستی ئێران لە سایەی دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامیەوە پشکی شێری وەبەر دەکەوێ و لە زومرەی ئەو وڵاتانەیە کە هێشتا یاساکانی لە یاسای سەدەکانی ناوەڕاست دەچن و ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێ بەشن و رێگە بۆ پێشێل کردنی مافەکانیان خۆش کراوە. ژنان لەم وڵاتەدا هیچ پاڵپشتێکی یاساییان نیە و رێگا بە کەمترین چالاکی ئەوان چ لە بواری سیاسی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەوە نادرێ. تەنانەت هەتا ئێستاش رێگای چوونە یاریگا وەرزشیەکانیان پێ نادرێ. جگە لە دەسەڵاتی رەش و یاسا دواکەوتوەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر جاریش دابونەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگا هێندەی دیکە مەیدانی بەشداری و چالاکیەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا بەرتەسکتر دەکەنەوە کە بەداخەوە زۆر جار ژنان و کچان لە لایەن کۆمەڵگا و بنەماڵەکانیانەوە تووشی کێشە و ئاست تەنگ دەبنەوە. لە کوردستان لە گەڵ هەموو ئەو گیروگرفتانەی کە لە سەراسەری ئێراندا بە تایبەت لە بواری یاساییەوە بۆ ژنان لە ئارادایە بەڵام ژنانی چالاکی کۆمەڵگا لە هەوڵدان بۆ پێشوەچوونی کۆمەڵگای کوردەواری شان بە شانی پیاوان لە ریزی پێشەوەن کە جێگای دڵخۆشی و ئافەرین پێ وتنە. لە گەڵ هەموو ئەوانەدا بە داخەوە زۆر جاریش لە کوردستان رووداوی دڵتەزێنی وا روو دەدا کە جیا لە بەپرسیار نەبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ رەخنە لە فەرهەنگ و دابونەریتە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگای خۆمان بگرین و بە هەموو لایەکمان هەوڵ بۆ کەمڕەنگ کردنەوە و لە کۆتاییدا نەهێشتنی ئەو دابونەریتە دواکەوتووانە بدەین. بە داخەوە زۆر جار کێشە خێزانیەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە ژنان و کچانی وڵاتەکەمان پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن کە ئەوە بۆ خۆی سەرەتای زۆر کارەساتی دیکەی کۆمەڵایەتییە کە پێویستیە دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەو بارەوە کار بۆ وشیارکردنەوە و بردنە سەری ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگاکەمان بدەن. هاونیشتمانیانی بەڕێز و ژنانی خەباتکار ئێمە ئەو ساڵ لە کاتێکدا یادی ٢٥ی نوامبر دەکەینەوە کە رۆژی ١٧ی خەرمانانی ئەو ساڵ لە ئاکامی پەلاماری تیرۆریستانەی مووشەکبارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵای دیموکرات بە داخەوە سکرتێری رێکخراوەکەمان هاوڕێ سوهەیلا قادری و ژنە تێکۆشەری کورد هاوڕێ نەسرین حەدداد کە هەردووکیان هاوکات ئەندامی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون شەهید بوون، ئێمە وێڕای یادکردنەوە و ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو دوو ژنە تێکۆشەرە داوا لە ژنان و کچانی وڵاتەکەمان دەکەین کە رێگا و رێبازی ئەو دوو شەهیدە بکەنە سەرمەشقی تێکۆشانە سیاسی و مەدەنیەکانیان و چ لە سەنگەری خەبات بۆ نەهێشتنی تاوان بە دژی ژنان و چ لە ئاستێکی گەورەتردا بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی گەلەکەمان لە چنگ دەسەڵاتدارانی تاران درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بدەن. بە هیوای کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەختەوەر یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ ٢٤ ی نوامبری ٢٠١٨