کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست هەزار خوێندکاری دوکتورا لە ئێران بێکارن

20:41 - 4 بەفرانبار 2718

"موجتەبا شەریعەتی نیاسر"جێگری پەروەردەیی وەزیری زانست ڕایگەیاند کە ٢٠ هەزار خوێندکاری دوکتورا لە ئێران بێکارن و گوتی کە لە ئێستادا ١٠٠ هەزار خوێندکاری دوکتورا خەریکی دەرس خوێندنن. پێشتریش "یەدووڵڵا مێهرعەلیزادە" قائممقامی جێگری هاوئاهەنگی کاروباری ئابووری و گەشەی سەرچاوە ئینسانییەکانی پارێزگای خووزستان ڕایگەیاندبوو کە نزیک ٣٠ تا ٣٥ لە سەد لەو سێ میلیۆن و نیوەی کە لە ئێران بێکارن، لە توێژی خوێندکارانی زانستگەکانن. هەر لەو پێوەندییەدا لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییدا " فەرهاد ڕەهبەر" سەرۆکی زانستگەی ئازاد باسی لە بێکاریی ٢٠ هەزار خوێندکاری لە ئاستی دوکتۆرادا کرد کە دوای کۆتایی خوێندن بێکارن و گوتی کە لە ئێستادا ئێران پێویستی بە لەشکری خوێندکاری زانستگە نییە. کەمترین توێژی بێکار لە ئێران لەو کەسانە پێکدێ کە هەڵگری بڕوانامەی پسپۆریی دوکتۆران کە سەد هەزار و ٧٠٤ کەس لە توێژی فەرمانبەرانی ئێران پیکدێنن. بەپێی ئامارێک کە لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویی بڵاوکرایەوە، ڕێژەی بێکاری لە نێو خوێندەواران ١/١٣ لە سەد و لە نێو نەخوێندەواراندا ٦/٤ لەسەد بووە. شایانی باسە کە کێشەی ئابووریی، زۆربوونی ژمارەی خوێندکار و بڕوانامەی ساختە، بەشێکن لە هۆکاریی بێکاریی خوێندکارانی ئێرانی کە ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە و حکوومەت توانای وڵامدانەوەی بە گرفتی بێکاریی خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی ئێران نییە.