کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەمخانی: گفتوگۆکانمان لە گەڵ تاڵبان بەردەوامە

22:23 - 6 بەفرانبار 2718

عەلی شەمخانی سەرۆکی شوڕای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ "کابول"ی پێتەختی ئەفغانستان لە گەڵ گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان گفتوگۆی کردووە و و ڕایگەیاند کە ئەو وتووێژانە بەردەوام دەبن. شەمخانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی لە گەڵ کاربەدەستانی ئەفغانستان دیدار و چاوپێکەوتنی هەبوو و بەپێی ڕاپۆرتی مێدیاکانی حکوومەتی ئێران، شەمخانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە و لە بابەت چاوپێکەوتن لە گەڵ گرووپی تالبان، ڕایگەیاند کە چاوپێکەوتنمان لە گەڵ ئەو گرووپە بە ئاگاداریی دەوڵەتی ئەفغانستان بووە. ئەوە بۆ یەکەمین جارە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا باس لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵبان دەکەن. شایانی باسە کە پێشتر باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵێکی لە بارەی پێوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی تاڵبان بڵاو کردبۆوە. دەوڵەتی ئەفغانستان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چەندین جار دەوڵەتی ئێران و بە تایبەت سپای پاسدارانیان بە پشتیوانیی و هاوکاریی تاڵبان تۆمەتبار کردوە. سەرچاوەکانی هەواڵ لە بابەت پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپی تاڵبان لە ساڵانی ڕابردوودا باسیان لە لە هاوکاریی ئەو دوو لایەنە کردووە و ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەندێکی بۆ ڕاهێنانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە پێکهێناوە و لەو بارەوە هاوکاری و پشتیوانیان لێدەکا. شایانی باسە کە تا ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران حاشایان لە بوونی هەرچەشنە هاوکاری و پێوەندییەک دەکرد لە گەڵ تاڵبان و دەیانەویست وەک هەمیشە بە سیاسەتی فێڵبازانەی خۆیان لە پێوەندیی لە گەڵ ئەو مەسەلەیە بیروڕای گشتی بەلاڕێدابەرن.