کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 175 کەس لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا

22:27 - 6 بەفرانبار 2718

لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا 70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم 70 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون. لەو 70 کەسە 23 کەس کوژراون و 47 کەسیش بریندار بوون. له‌و 23 کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، 16 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، 3 کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و 7 کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو 47 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، 43 کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون و 4 کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی برینیان هەڵگرتووە. کوژران و برینداربوونی 70 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە سێ مانگی هاویندا 64 کۆڵبەر و کاسبکار و لە وەرزی بەهاریشدا 41 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژرابوون و بریندار ببوون و؛ بەوەش دەردەکەوێ کە ئاماری قوربانییانی کوشتاری کۆماری ئیسلامی لەو وەرزەدا لە چاو دوو وەرزی ڕابردووی ساڵ به‌شێوه‌ی به‌رچاو زیادی کردووە.