کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی نیشتمانیی زمانی دایک لە مەهاباد

19:04 - 16 بەفرانبار 2718

ئەنستیتۆی فەرهەنگی و فێرکاریی سۆما ڕایگەیاند کە "کۆنگرەی زمانی دایکی" کە بڕیار بوو رۆژی ٢ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک لە شاری مەهاباد بەڕیوەبچێت، بە هۆکاری ناڕوون کارەکانی پەک خراوەو ئەو کۆنگرەیە هەڵوەشاوەتەوە. بە پێی هەواڵی بڵاوکراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیا خۆجێیەکان ، ڕێکخراوی فەرهەنگی و فێرکاریی سۆما بە هاوکاری چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی مەهاباد بڕیار بوو بە بۆنی رۆژی جیهانیی زمانی دایک ، کۆنگرەیەکی بەربڵاو بۆ پرسی زمانی دایک و گرینگی ئەو بابەتە لە ئاستی پەروەردە و فێرکاریی بە بەشداریی پسپۆڕان و کەسانی لێزانی ئەو بوارە بەڕێوە ببات، بەڵام بە پێی ڕاگەیاندراوی دەبیرخانەی کۆنگرە بە هۆکاری ناڕوون ئەو کۆنگرەیە هەڵوەشاوەتەوە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی و لە لایەن چەند کەس لە کەسانی ئاگادار پشتڕاست کراوەتەوە کە ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕێگرە لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە. پێویستە بگوترێ کە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی نیشتمانیی زمانی دایک پێشتر بە فەرمی مۆڵەت و ئیزنی بەڕێوەبردنیان لە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی وەرگرتبوو. شیاوی باسە هەموو ساڵێک لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان کۆمەڵێک چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ گرینگیدان بە پرسی "خوێندن و نووسین بەزمانی دایک" لە سەر دەستی قەڵەمبەدەستان و هۆگرانی زمانی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێ. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە "خوێندن و نووسین بە زمانی دایک" سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ئاماژەی پێدراوە ، بەڵام پاش ٤٠ ساڵ بە هۆکاری ئەمنی و سیاسی نەکەوتووتە بواری جێبەجێ کردنەوە.