کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیس؛ لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ئەشکەنجەی بەندکراوان قەدەغە کراوە

19:15 - 16 بەفرانبار 2718

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی نامەی سمایل بەخشی یەکێک لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی هەفت تەپە، کە باسی لە ئەشکەنجە کردنی کرد بوو لە گرتووخانەی ئیتلاعات، محەممەد کازمی ئەندامی کۆمیسیۆنی حقووقی- قەزایی مەجلیس داوای کردوە کە ئیدیعاکانی ئەو بەندکراوە بەدواداچوونەوەی بۆ بکرێ. بە پێی هەواڵدەریی ئیلنا رۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار لە زاری محەممەد کازمی بڵاوی کردەوە کە بابەتی ئەشکەنجە‌کردن لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات پێویستی بەدواچوونەوەی قەزاییە و دەبێ ڕوون ببێتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە بە پێی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئازار و ئەشکەنجەکردنی بەندکراوان قەدەغەیە و دەبێ بۆ ئەو بابەتە کۆمیسیۆنی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە پێک بهێندرێ. شیاوی باسە وتەکانی ئەو نوێنەرە لە کاتێک‌دایە کە سێ رۆژ لەمەوپێش سمایل بەخشی نوێنەری کرێکارانی "کارخانەی نەیشەکەری هەفت تەپە" کە ماوەیەک دەسبەسەرکرابوو، پاش ئازاد بوونی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە ئینیستاگرام نامەیەکی بڵاو کردەوەو بە وردی باسی لە ئەشکەنجە کردن و ئازار و ئەزیەتی رووحی و جەستەیی خۆی کردوە لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە. سمایل بەخشی بۆ سەلماندنی گوتەکانیشی داوای دیبەیتی کردوە لە گەڵ محموودی عەلەوەی وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو بەندکراوە لە بەشێک لە نامەکەی‌دا نووسیویەتی تا ڕادەیەک لە گرتووخانە ئەشکەنجە کرام ، کە ئێستاش لە بەر ئازار و ئەزیەتی دەروونی و جەستەیی شەوانە خەوم لێ‌ناکەوێ. سمایل بەخشی کە بۆ ماوەی چوار حەوتە لە گرتووخانەی ئیتلاعات ڕاگیرابوو، دوای ئازادبوونی ئاشکرای کرد کە لە گرتووخانەی ئیتلاعات ئەشکەنجە کراوە، هەر بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای لە وەزیری ئیتلاعات کردوە کە دەبێ بە پێی یاسا و شەرع وڵامدەر بێ. شیاوی باسە لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی هەفت تەپە، چەندین کەس دەسبەسەر کران، کە سمایل بەخشی زۆرترین ماوە دەسبەسەر کرا و، پاش چوار حەوتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دوای دەنگدانەوەی نامەی سمایل بەخشی بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەشنە شکەنجە کردنی ئەو کرێکارەیان ڕەت کردۆتەوە.