کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی کورد بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشی

19:32 - 16 بەفرانبار 2718

ڕۆژی ١٦ ی بەفرانباری ٩٧ی هەتاویی، دەورەی ٢٣١ سەرەتایی پێشمەرگە، لە فێرگەی سیاسی- نیزامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆتایی هات و بۆ ئەو مەبەستە ڕێوڕەسمێکی شایستە پێک هات. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لە لایەن پێشمەرگەکانی بەشداری دەورە دەستی پێکرد. ڕێژەی پێشمەرگە و چەند نمایشێک لە لایەن ئەو لاوە خوێنگەرمانە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە بوو کە سەرنجی بەشدارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بڕگەی دووهەمی بەرنامەکە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی حیزب، بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر کاک سمایل شەڕەفی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی و ڕێزگرتن لەو پۆلە پێشمەرگە و مامۆستایانی فێرگە، باسێکی کورتی لە سەر پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە کرد و پێشمەرگەی بە سێمبولی خۆڕاگری و نەبەزی و ناوبرد کە دەیان ساڵە بۆتە قەڵغانی پاراستنی کوردستان و سەرفرازی گەلەکەی. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە چەمکی نەتەوەسازی و شوناسخوازی کورد کرد کە ساڵانێکی دوور و درێژە گەلی کورد بۆ پاراستنی هۆویتی خۆی خاوەنداریەتی لەخۆی و بەرگری لە لەناوچوونی ناو و خاک و فەرهەنگی خۆی کردووە. بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدان بە کۆماری کوردستان و نەخشی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەستێنی نەتەوەسازیی‌دا و، بەشداریی خەڵکی کوردستان لەو بارەوە، باسێکی کورتی لە سەر ئاڵا وەک پێناسەیەک و ڕەمزی شانازیی کورد ئاراستەی ئامادەبوانی ڕێوڕەسمەکە کرد. بەشێکی تری ڕێورەسمەکە بە سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی" لە لایەن پێشمەرگەکانی دەورەی فێرگە، پەیامی بەشدارنی دەورەی ٢٣١ی فێرگە لە لایەن" محەممەد سولێمانی" گۆرانییەک لە لایەن ڕزگار ئەمینی، " هۆنراوەی هۆ کاکی پێشمەرگە" لە لایەن پێشمەرگەکانی دەورەی فێرگە، پەخشانێک لە لایەن "شەهرام حوسەینی" و گۆڕانیەک لە لایەن" ئەسرین مرادی" ڕازایەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لە لایەن بەڕێزان مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەوحی ڕیزلێنان درا بە کۆمەڵێک لە پێشمەرگە دێرین و چالاکەکانی حیزب کە ساڵانێکە لە ڕیزی ئەو حیزبەدا خەبات و فیداکاری دەکەن و بوونەتە مایەی شانازیی گەلەکەمان.