کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

22:02 - 16 بەفرانبار 2718

دایکی یەکێک لە شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکرات، دوای تەمەنێک ژیان بەسەرفەرازی و هەڵگرتنی خەمی بەژانی ڕۆڵە کوژراوی لە شاری مەهاباد کۆچی‌دوایی کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری مەهاباد، رۆژی ١٤ی بەفرانبار دایە کولسووم ئەفسوردە دایکی شەهید حوسێن فەتحوڵڵاهی بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کردوە. حوسێن فەتحوڵڵاهی لە دایک‌بووی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاویی پێشمەرگەی بەورە و کادرێکی لێهاتووی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بوو. ناوبراو کاتێک کە وەکوو کادری دەرمانی لە نەخۆشخانەی حیزبی دێموکرات خزمەتی دەکرد، باوکی سەردانی دەکا و بە داخەوە لە کاتی گەڕانەوە لە شاری قەڵادزی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دەدا. شەهید حوسێن دوای ئەو ڕووداوە ، ئەگەرچی بنەماڵەیان لە دۆخێکی دژواردا دەژیان بەڵام هیچ کات لە پێشمەرگایەتی دڵسارد نەبوو و درێژەی بە خەباتی خۆی دا، هەتا لە ساڵی ١٣٧٣ لە گەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لە ناوچەی پیرانشار دەکەونە کەمین و تا دوایین فیشەک بەرگری لە خاك و نیشتمان دەکا و ، هەر لەو دەرگیرییەدا گیانی پاکی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی سەرفەرازی شەهیدانی گەل و نیشتمان پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی دایە کەلسووم دەکا و خۆی لە خەمیان بەشەریک و بەشدار دەزانێ.