کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشبینی ناوەندی زانیاریی ئەمریکا: ئاڵۆزییەکان لە ئێران پەرەدەسێنن

15:08 - 10 رێبەندان 2718

ناوەندی زانیاریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ کۆنگرە ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە چوار وڵاتی سەرەکییە کە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیانی خستۆتە مەترسییەوە. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە چەند مانگی داهاتوودا ئێران کێشە و ئاڵۆزیی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ. بەڕێوەبەرانی دەزگاکانی زانیاریی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی کە لە کۆمیتەی زانیاریی سەنای ئەمریکا ئامادە بوون، "دن کوتس" سەرۆکی دەزگای زانیاریی نەتەوەیی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی ناوەندەکانی زانیاریی ئەمریکای خستە بەردەم سەناتۆرەکانی هەر دوو حیزب. ناوبراو لە بەشێکی راپۆرتەکەی دا گوتی: لە کاتێکدا کە ڕۆژبەڕۆژ ئابووریی ئێران بەرەو لاوازیی دەچێ، ڕێژیمی ئێران پەرە بە توانا سەربازی و هێژموون خوازی خۆی لە ناوچەکەدا دەدا. لەنێوخۆی ئێراندا توندڕۆکان لە فکری بە چاڵنج کێشانی میانەڕۆی رەقیبیان دان و چاوەڕوان دەکرێ لە مانگەکانی داهاتوودا ئاڵۆزییەکان پەربستێنن. ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا گوتی: تاران درێژە بە هاوکاریی دارایی تێرۆریستەکان دەدا و نموونەی ئەوانە ئەو کەسانەن کە لەو ماوەیەدا لە ئورووپا دەسبەسەر کران. چاوەڕوانی دەکرێ کە ڕێژیمی ئێران هاوکاریی دارایی حوسیەکانی یەمەن و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق درێژە پێبدا، پەرە بە توانای سەربازییەکانی بدا کە هەڕەشەن لە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئێران هەروا لە فکری بەهێز کردنی توانای سەربازیی دایە لە سووریە و ڕەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حیزبووڵلای لوبنان کە بوونەتە هۆی هێرشی هەوایی ئیسڕائیل بۆ سەر سووریە. ئەو هەوڵانەی ئێران ئێمەی نیگەران کردووە و هێژموونی ئێران لە ناوچەکەدا زیاد دەکەن. "دن کوتس" رایگەیاند کە ئێران خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکی بالستیکە لە ناوچەکەدا. گرووپی زانیاریی ویلایەتەیەکرتوەکانی ئەمریکا لە ١٦ بنکە و دامەزراوە پێکهاتوە کە ناوەندی زانیاریی نەتەوەیی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکا و هەموو زانیارییە کۆکراوەکان دەداتەوە سەرۆک کۆماری ئەمریکا.