کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی بەشداریی کورد لە هاوپەیمانییە سەراسەرییەکان لە وتووێژ لەگەڵ "خالید حەسەنپوور"دا

23:39 - 16 رەشەمه 2718

خالید حەسەنپوور: سەڵتەنەت تەڵەب و مەشرووتەخوازەکان خاڵی هاوبەشیان حاشاکردن لە پرسی نەتەوەکانە و موجاهیدینیش ئامادەی هیچ هاوکاری و هاوپێوەندییەک نییە     کاک خالید «هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران» نوێترین هاوپەیمانییە کە لە لایەن بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی پێک هاتووە، ئامانج لەو هاوپەیمانییە چییە و هێڵە گشتییەکانی کامانەن؟ هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی درێژەکێشانی دەسەڵاتەکەی، نەبوونی بەدیلێکی کارا و مەیدانییە. هەڵبەت گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە هێزی جۆراوجۆر و زۆر و زەوەندی ئۆپۆزیسیۆنی کەم نییە، بەڵام ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمەدا کەمە و بۆتە هۆی بیمەی عومری، نەبوونی بەدیلێکی کارا و شوێندانەرە. ئامانج لە پێکهێنانی «هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران» ئەوەیە کە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. بەڵام سروشتییە کە هەتا گەیشتن بەو جێگایە، هەم کارێکی زۆری لە پێشە و هەم پێویستی بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و واقعبینانە هەیە. بەڵام ئەو یەکیەتییە لە ڕووی هێزەکانی پێکهێنەرییەوە، ماتەوزەی ئەوەی تێدا کە بە هاوکاری و یەکیەتیی بەکردەوە و، گوتار و سیاسەتێکی هاوبەش بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کارتێکەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان و داهاتووی ئێران هەبێ. پەیماننامەکەی هاوپێوەندی لە پێشەکییەک و ١٤ خاڵ پێکهاتووە. لە پێشەکییەکەدا ئاماژە بە یەک سەدە تێکۆشانی پڕ لە هەوراز و نشێوی گەلانی ئێران و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی و دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان کراوە و پاشان بە سەرنجدان بە ساختاری دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا، کە لەسەر بنەڕەتی هەڵاواردن و تێکەڵکردنی دین و دەوڵەت دامەزراوە، هەروەها پەرێزێکی کە ئەو ڕێژیمە لەمەڕ پێشێلکردنی ئازادیی مافی مرۆڤ لەو ٤٠ ساڵەدا لە پاش خۆی بەجێی هێشتووە، لەسەر ئەو ئەسڵە کە ئەو ڕێژیمە قابیلی ئیسلاح نییە و دەبێ بڕووخێ پێداگری کراوە. کەوابوو مەسەلەی دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بۆتە یەکێک لە ئەسڵە بنەڕەتییەکانی هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران.   هێلە گشتییەکانی هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران چین؟ هێڵە گشتییەکانی ئەو هاوپەیمانییە دەکرێ لەو خاڵانەی خوارەوەدا کۆ بکەینەوە : ئەلف_ لەمەڕ شوناس و مافی پێکهاتەکانی ئێران، پەیماننامەکە دان بەوە دادەنێ کە ئێران لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی وەک فارس، ئازەری، کورد، عەڕەب، بەلووچ و تورکەمەن و، هەروەها هێندێک کەمایەتیی زمانی و مەزهەبیی دیکە پێک هاتووە؛ کە پێویستە شوناسی ئەو نەتەوانە و مافە میللی_دێموکراتیکەکانیان بەڕەسمی بناسرێ و ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بۆ بەڕەسمی بناسرێ. وە لەسەر ئەو بنەڕەتە پێویستە سیستمی ناوەندگەرایی لە ئێرانی داهاتوودا جێگای خۆی بدا بە نیزامێکی وەک فیدڕالی کە تێیدا دەسەڵات و ئیمکاناتی ئابووری دابەش بکرێ. ب_ لە بارەی ئازادی و مافی شارۆمەندی، جاڕنامەی مافی مرۆڤی و پەیماننامەکانی دیکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەسمی دەناسێ و، لە داهاتوودا بەڕێوەیان دەبا و هەر لەو پێوەندییەدا بۆ دابینکردنی ئازادیی سیاسی، ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، پێکهێنانی کۆڕوکۆبوونەوە و تەشکیلی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی تێ دەکۆشی و پێی پابەند دەبێ . پ_ لەمەڕ یەکسانی و بەرابەری، پەیماننامەکە، باوەڕی بە مافی وەکوو یەکی بۆ ژنان و پیاوان هەیە و، هەرجۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، مەزهەبی و میللی ڕەد دەکاتەوە و، بۆ دابینکردنی ئیمکانی بەرابەری وەک کار و شوغڵ، مەسکەن، لەشساغی و پەروەردە لە کۆمەڵگەدا تێ دەکۆشێ . ج_ پەیماننامەکە پێ لەسەر ئەو ئەسڵە دادەگرێ کە لە حکوومەتی داهاتوودا پێویستە دین و دەوڵەت لێک جیا بن و شکڵ و شێوەی نیزامی داهاتوو پارلمانی بێ و ئەسڵی دەستاودەست کردنی دەسەڵات ڕەچاو بکرێ و، دەنگی خەڵک یەکەم سەرچاوەی شەرعییەتی نیزامی داهاتوو بێ .   وەک باست کرد نەبوونی بەدیل بووەتە هۆی ئاسوودەیی و تەمەندرێژیی ڕێژیم و ئاماژەت بەوە دا کە کۆماری ئیسلامی ئۆپۆزیسیونی زۆرن. دەکرێ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە کورتی پۆلێن بەندی بکەی؟ با لە پێشدا بڵێم کە حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆرن، بەڵام سەرجەم دەکرێ کۆی ئۆپۆزیسیۆن بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش بکەین؛ ئەلف: سەڵتەنەت تەڵەب و مەشرووتەخوازەکان  ب: رەوتە کۆماریخوازەکان، پ: حیزب و ڕێکخراوی سەربە نەتەوەکانی ئێران (فیدڕاڵی خوازەکان). دیارە ئەگەرچی سەڵتەنەت تەڵەب و مەشرووتەخوازەکانم وەک توێژێکی لێکنیزیک دەستەبەندی کردوە، بەڵام لە کردەوەدا ئەو دوو تەیفە جیاوازییان زۆرە کە جیاوازییەکەیان لەسەر جۆری سیستمی پاشایەتی لە ئێران دایە. لە کاتێکدا سەڵتەنەت خوازەکان پێدادەگرن لەسەر دەسەڵاتی بێ ئەملاوئەولای ڕەزاشا وەک پاشای داهاتووی ئێرانە، بەڵام مەشرووتەخوازەکان کە خۆیان بە ڕێبواری رێگای شۆڕشی مەشرووتە دەزانن، باوەڕیان بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاشایەتییە و لەو بارەوە لایەنگری یاسایەکی بنەڕەتین کە ١١٠ ساڵ لەمەوبەر لە شۆڕشی مەشرووتەدا ڕاگەیەندراوە. ئەگەرچی تەیفی مەشرووتەخواز لەو دواییانەدا یاسایەکی بنەڕەتیان نووسیوە و بەگوێرەی ئەوە دەیانهەوێ لە سەڵتەنەت خوازەکان نیزیک ببنەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ نیشانەیەک لە یەکیەتی لە نێوانیاندا نابیندرێ. پێویست بە گوتنە کە خاڵی هاوبەشی هەردووک توێژ، دژایەتییە دەگەڵ شوناس و مافی نەتەوەکان لە ئێراندا. کۆماریخوازەکان توێژێکی بەربڵاوترن، کە پێک دێن لە لایەنە چەپ، سۆسیالیستەکان، سۆسیال دێموکراتەکان و هێندێک لایەنی نیشتمانی (میللی). کۆماریخوازەکان باوەڕیان بە نیزامی پاشایەتی و مەشرووتە نییە و، پێیان وایە نیزامی داهاتوو پێویستە کۆماری و پارلمانی بێ. ئەو توێژەش لە ڕووی پێکهاتە و جیهانبینییەوە هەتا ڕادەیەکی زۆر لێک دوورن. هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە بەشێکی بەرچاو لە چەپ و سۆسیالیستەکان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێک رێک کەوتبوون، لێک جیابوونەوە و ئێستا بە سێ بەش دابەش بوون. لەسەر یەک بەشێک لەو توێژە باوەڕیان بە سیستمێکی ناوەندگەرا نییە، بەڵام لە هەمان حاڵیشدا باوەڕیشیان بە نیزامێکی فیدڕالی نییە. لە نێو ئەو تەیفی کۆماریخوازانەدا لایەنەکانی چەپ بە هێندێک جیاوازییەوە، ڕوانگە و بۆچوونیان لەمەڕ حەلی مەسەلەی نەتەوەکان لە ئێراندا لەوانی دیکە باشترە. ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقیش دەبێ لە ڕیزی توێژی کۆماریخوازان دەستەبەندی بکرێ. ئەو ڕێکخراوە بەهیوایە کە بۆ دەورانی گوزەر لە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی کاتیی شەش مانگە، بە ڕێبەرایەتیی مریەمی ڕەجەوی دابمەزرێنێ. پاشان دەرفەت بدا بە خەڵک تا نیزامێکی کۆماری بە دەنگی خەڵک هەڵببژێرێ. دەگەڵ ئەوەی موجاهدین ماوەیەک لەمەوبەر لە بارەی پرسی شوناس و مافی نەتەوەکان لە ئێراندا، هەڵوێستێکی ئیجابی گرت، کە بەپێی ئەو هەڵوێستە دانی بە فرە نەتەوەبوونی ئێران و مافی خودموختاری بۆ پێکهاتەکانی ئێراندا نا، بەڵام لە کردەوەدا هەتا ئێستا هیچ ئیستعدادێک بۆ نیزیک بوونەوە لە لایەنەکانی سەربە نەتەوەکان لەخۆی نیشان نادا. ڕێکخراوی موجاهدین، نەک لە ڕیزی سەڵتەنەت و مەشرووتەخوازەکان بەڵکوو لە ڕیزی کۆماریخوازانیشدا کە خۆی لەو توێژە بە حیساب دێ، ئامادەی هیچ جۆرە هاوکاری و هاوپێوەندییەک نییە .   هۆکاری سەرەکیی پڕشوبڵاوی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە چیدا دەبینی؟ ئایا هەر کۆماری ئیسلامی کۆسپ بووە، یان ڕوانگە و تێگەیشتنەکانیش لەوەدا دەور دەبینن؟ وڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. لەبەر ئەوەی هەروەک لە پرسیاری دووەمیشدا ئاماژەم پێکرد، زۆر لایەن بۆ وێنە سەڵتەنەتخواز و مەشرووتەخوازەکان، یان لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان، هەرچەند لە ستراتیژیدا لێک دوور نین، کەچی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە دەوری پلاتفۆڕمێکی هاوبەش لێک کۆوە بن. تەنانەت چەند ساڵێک شاهیدی پڕۆسەیەک بووین لە نێو چەپەکاندا بەناوی پڕۆسەی وەحدەتی چەپ. کەچی کاتێک سەری گرت، چەند لایەنێک حازر نەبوون بەهەر هۆیەک بچنە ژێرباری ئەو وەحدەتە و، لە جیاتی یەکیەتی، جیابوونەوەیکی تریش لە نێویاندا ڕووی دا. کەوابوو هۆکاری جیاوازیی تێڕوانین، هەرچەند لەو جودایی و تەوەلایەدا دەور دەبینێ، بەڵام بە بڕوای من مەرجێکی سەرەکیش نییە بۆ پڕشوبڵاوی لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا. من پێم وایە ئۆپۆزیسیۆن وەک نەخۆشێک وایە کە لەدەست دەردێکی سەرەکی دەناڵێنێ و، ئەو نەخۆشییە سەرکێشە، چونکی عیلاج نەکراوە، بۆتە سەرچاوەی گەلێک وردە نەخۆشیی تر. گرفتی بنەڕەتی لە کولتووری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن دایە کە عیبارەتە لە تەکئاژۆیی و خۆ بەتەوەرزانین. ڕەگ و ڕیشەی ئەو شێوە بیرکردنەوەیەش، لە لایەک دەچێتەوە سەر دیکتاتۆرلێدراویی ئێران لە درێژایی مێژوودا و نەدیتنی ڕووی دێموکراسی و، لە لایەکی دیکەوە بۆ باکگراوندی شوێنیستی لە ئێراندا. ئەگەر بۆ نەبوونی یەکیەتی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی بە ئیستیلاح سەرانسەریدا، هۆکاری یەکەم دەور دەبینێ، بۆ یەکیەتی لە نێوان لایەنە سەرانسەرییەکان دەگەڵ لایەنەکانی نەتەوەیی لە ئێراندا، هەردووک فاکتۆر دەوری بنەڕەتی دەبینن. دەگەڵ هەمووی ئەوانەشدا هۆکاری فیکری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیش، وەک ژێرکۆ دەوریان لە پەرتەوازیی ئۆپۆزیسیوندا هەیە . لەمەڕ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، دەبێ بڵێم کە هەرچەند کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ کۆسپ نییە لەسەر ڕێگای یەکیەتی لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا بەڵام ناڕاستەوخۆ کارتێکەری لەسەر یەکڕیزی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هەیە. شاراوە نییە کە درێژەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاوی ئۆپۆزیسیۆن تووشی بێهیوایی ببێ، لە جیاتی سیاسەتێکی لێبڕاو و شوێندانەر، ڕێگای ئیسلاح و نەرمئاژۆیی بگرێتەبەر و لەو بارەوە بۆتە ژێرکۆی جیناحەکانی نێو حاکمییەت و ئەوەش بە نۆرەی خۆی بۆتە هۆی کێشە و ناکۆکی لە نێوان ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن، کە باوەڕی بە ڕووخانی ڕێژیم هەیە دەگەڵ ئەو بەشەی کە بڕوای بە ئیسلاحی ڕێژیم هەیە.   دەمەوێ بپرسم لە ئێستادا سەنگ و قورسایی هێزە کوردییەکان لە نێو ئەو هاوپەیمانیانە چۆنە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ داهاتووی ئێران دروست دەکرێن؟ ئەوەی پێوەندی بە سەنگ و قورسایی هێزە کوردییەکانەوە هەیە، دەکرێ بڵێین سەرەڕای جیابوونەوە و لەتبوون لە نێو ئەو هێزانەدا، ڕێکخراوترین و ئەکتیوترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی ئێڕان پێکدێنن. ئەوە ئەگەر لە لایەن هێزە بەئیستیلاح سەرانسەرییەکانەوە ئینکار دەکرا، پاش مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و مانگرتنە مێژووییەکەی هاوینی ڕابردوو، بۆ هیچ لایەنێک شاراوە نییە. بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە بەشێکی زۆری لایەنەکانی فارس حازر نین قەبووڵ بکەن پرسێک لە ئێراندا هەیە بە ناوی پرسی نەتەوەکان، چ لایەنە کوردییەکان بەهێز بن و چ لاواز، ئامادەی نیزیک بوونەوە و هاوکاریکردن دەگەڵ لایەنە کوردییەکان نین . لە بارەی جێگە و پێگەی لایەنە کوردییەکان لە دوو هاوپێوەندیدا هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە شۆڕای دێموکراسیخوازانەوە هەیە، تەنیا دوو لایەنی کوردی کە بریتین لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، تێیدا بەشدارن. کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانی ئەو یەکیەتییەوە وەک هێزێکی دامەزرێنەر دەوری بەرچاوی تێدا هەیە. لەمەڕ :هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران» کە دوو حەوتوویە مەوجوودیەتی خۆی ڕاگەیاندوە، چوار لایەنی کوردستانی (حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران» تێیدا بەشدارن. بێجگە لەو چوار لایەنە کوردییە، سێ لایەنی سەربە نەتەوەکانی دیکەی ئێران کە بریتین لە عەڕەب، بەلووچ و ئازەری سێ لایەنی سەرانسەریش بەشدارن و لایەنە کوردییەکان لەو نێوەشدا لایەنی سەرەکیی نێو یەکیەتییەن .   کورد و لە نێو کورددا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بەرە و هاوپەیمانییانەدا بەدوای چیدا دەگەڕێ؟ سروشتییە کە هەر لایەنێکی کوردی ڕۆژهەڵات ئامانج و بەرنامە و مەبەستی خۆی هەیە لە پێکهێنانی یەکیەتی دەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. هەتا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە، ئەو حیزبە هەم لە کۆنگرە و هەم لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا، پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە پێویستە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆندا چالاک و ئەکتیڤ بێ. سروشتییە بە سەرنجدان بەوەی کە بارودۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر دێ و  بەرەو خراپی زیاتر دەچێ، زەروورەت و پێویستی یەکیەتیی بەکردەوە لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا دەبێتە شتێکی حاشاهەڵنەگر. بێجگە لەوانە بە سەرنجدان بە جموجۆڵە سیاسیەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن و بە تایبەتی ئەو بەشەی باوەڕی بە چارەسەریی کێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا نییە و، بە دید و ڕوانگەیەکی تەواویەتخوازانەوە تەماشای قەزیەی شوناسی پێکهاتەکانی ئێران دەکا، پێویستیی هاتنەگۆڕ و هاتنە پێشی بەدیلی فیدڕاڵیخواز لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن گرینگییەکی زۆری هەیە. بۆ ئەوەی ڕێگا لەوە بگرین کە لایەنە تەواوییەتخوازەکان بەسەر کەشی سیاسیی ئێراندا زاڵ بن و شەقڵ لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان بدەن و بەو جۆرە دەنگی نەتەوەکان کپ کەن. بۆیە گرینگیی ئەو هاوپێوەندییانە لەوە دایە کە لە لایەک نا‌هێڵێ پارسەنگی هێز بەسوودی ئەو بەدیلانە بگۆڕدرێ کە هەوڵی کپکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران دەدەن و، لەلایەکی دیکەوە بە هێنانی چەمکەکانی وەک فیدڕاڵی و فرەنەتەوەیی بۆ نێو پەیماننامەکان و بە ئیمزا گەیاندنیان لە لایەن لایەنە سەرانسەرییەکان، تابۆی تەواوییەتخوازی لە ئێران دەشکێنن. ئەگەر لەو قۆناغەدا چەمکی فیدڕاڵی و فرەنەتەوەیی نەهێنینە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێرانەوە، سبەینێ کە ڕێژیم ڕووخا و چووینەوە نێو کۆمەڵگەی ئێران، لە ڕێگەی هەڵبژاردن و ئەقەلییەت و ئەکسەرییەتەوە بەو ئامانجە ناگەین.   لە بنەڕەتدا ئایا کۆدەنگییەک لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیە لەسەر گوتاری  هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، لەسەر فۆرمووڵەکردنی ویست و داخوازییەکانی کورد و لەسەر دەربەستیی ئەو هێز و لایەنانە؟ هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە پەیوەندی و  هەڵسوکەوتی هەریەک لە لایەنەکانی کوردی ڕۆژهەڵات دەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە هەیە، هەر لایەنەی بەجیا پێوەندییەکانی خۆی دەگەڵ بەرامبەرەکەی تەنزیم دەکا. هەرچەند لە نێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەئیستیلاح سەرانسەریدا، حەساسیەتەکە بە نیسبەت ئەحزابی کوردییەوە ئەوەندە زۆرە، کە ڕەنگبێ کەم لایەنی کوردی هەبێ کە سەرەڕای ئەو حەساسییەتانە هەوڵ بدا بە هەموو قیمەتێک دەگەڵ لایەنەکان بەتایبەتی تەواوییەتخوازەکان پێوەندی دابمەزرێنێ. بەڵام بەو حاڵەش لێرە و لەوێ شاهیدی ئەوەین کە جاروبار لایەنێکی کوردی بەبێ پاراستنی پرەنسیپ و بەرژەوەندە گشتییەکان و تەنانەت هی خۆی دەگەڵ هێندێک لایەنی تەواوییەتخواز دادەنیشێ و، یان دیهەوێ بچێتە نێو سازوکارێکەوە کە هیچ یەک لە مافەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەڕەسمی نەناسیوە . بەڵام هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە بوونی هێزە کوردییەکان لە نێو دوو یەکیەتییەکە دایە، بۆ پرسە سەرەکییەکان و سیاسەتە کەلانەکان هەتا ڕادەیەک هاوبیر و هاوبۆچوونین. بەڵام هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە کاری عەمەلی و دابەشکردنی دەسەڵات و نەخشەوە هەیە، هەر لایەنەی بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی دەچێتە پێش. من پێموایە پێویستە لایەنەکانی کوردی ڕۆژهەڵات کە لە ناوەندی هێزەکانی کوردی دان، لەسەر هێندێک خاڵ کە پێوەندی بە بەرژەوەندییەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، ڕێک بکەون و بەپێی ئەوە هیچ لایەنێک بۆی نەبێ کە بە کەیفی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەگەڵ لایەنە سەرانسەرییەکان ڕێک کەوێ .   کاک خالید سپاس بۆ بەشداریت لەم دیمانەیەدا سپاس بۆ ئێوەش شەونم خانم