کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی وڵاتانی ئێران و سووریە لە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان

17:06 - 3 خاکەلێوه 2719

دەوڵەتی سووریە و ئێران هەڕەشەیان لە هێزەکانی سووریەی دێموکرات کرد کە ڕۆژاوای کوردستان ڕادەستی هیزەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەد بکەنەوە. ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و سووریە داوایان لە ئەمریکا کرد کە هێزەکانی لە خاکی سووریە بباتە دەرەوە و لە هەمان کاتدا دەوڵەتی سووریە هەڕەشەی لە هێزەکانی سووریەی دێموکڕات کرد کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان ڕادەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریە بکەنەوە. لێداونی بەرپرسان دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی کاربەدەستانی سەربازی وڵاتانی سووریە و ئێران و عێراق هات کە لە دیمەشقی پێتەختی سووریە بۆ باس لەسەر دۆخی سووریە و ناوچەکە پێکهاتبوو. ژنڕاڵ عەلی عەبدوڵڵا ئەییوب وەزیری بەرگری سووریە ڕایگەیاند کە ئاخیرین کارتی ئەمریکاییەکان لە ناوچەکەدا هێزەکانی سووریەی دێموکڕاتە کە ئەویش بە دوو شێوە هەڵسووکەوتی لە گەڵ دەکرێ، یا دەبێ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان ڕادەستی حکوومەتی سووریە بکەنەوە یا بە زۆر ئەو ناوچانە کۆنتڕۆل دەکەینەوە. هەر لەو پێوەندییەدا سەرلەشکر محەممەد باقری سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتی: ئێمە لەو کۆبوونەوەیەدا باسمان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە کردووە کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریە دا نین و بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکا دایە. ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دەیهەوێ پێش لە نفوزی ئێران لە عێراق و سووریە بگرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئەوەی کە هێزێکی سەربازی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریەدا بڵاوە پێکردووە، دوو هێزی دیکەشی لە ئەفغانی و پاکستانی پێکهیناوە و ڕەوانەی وڵاتی سووریەی کردوون و بە پشتیوانی وچەک و تەقەمەنی ئێران و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران ئەو هێزانە شەڕی خەڵکی سووریە و هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ئەسەد دەکەن.