کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بووکی نەورۆز لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

17:19 - 3 خاکەلێوه 2719

نەورۆز جێژنی دێرینی کوردان، نوێبوونەوەی ساڵ و ساڵنامەی کوردی یەکێک لەو جێژنە نەتەوەییە هەر مەزنانەی کوردە کە دەمێکە لەگەڵ کورد و نیشتمانی کوردان ئاوێتەی یەکبوون و خوێنی کورد و گوڵاڵە سوورەکانی نەورۆز خاکی پیرۆزی کوردستانیان ڕەنگاندووە. نەورۆز لەگەڵ ئەوەی کە نوێبوونەوەی ساڵی کوردی و کۆتایی شەختە و سەرما و سەهۆڵبەندان و هاتنی وەرزی جوان و ڕازاوەی بەهارە، لە هەمان کاتدا نەورۆز بۆ کورد ڕەمزی سەرهەڵدان و هێمای خەبات و بەرەنگاری و بەرخۆدانە. ئەمساڵیش لە کوردستان هەروەک ساڵانی ڕابردوو جێژنی نەورۆز بە شکۆوە ڕیزی لێدەگیرێ و بووکی نەورۆز لەنێو ڕەشبەڵەکی کوردانی دڵ پر لە ئەوینی نیشتمان، لەگەڵ بڵێسەی سووری ئاگر و تیشکی خۆری زێڕینی دەم کەل، سەرچۆپیکێشی ئەم وەرزەی هەستان و هەستانەوە وبەرەنگاریی ئۆگرانی نەورۆز و نوێبوونەوەیە. نەورۆزی کوردان هەردەم لەگەڵ سەرکوت و زەبروزەنگی داگیرکەرانی کوردستان بەرەوڕووبۆتەوە و دژمن بە کوشتن و هەڕەشە و بەندکردن و بەندیخانە ویستوویەتی و دەیهەوێ نەورۆزی کوردان لەشکۆ بخا و دەنگ و هاواری کوردان لە گەروودا خەفە بکا، بەڵام کوردستانیانی دڵ پڕ لەگڕی نیشتمان و نیشتمانپەروەری بێباک لە داوەڵی دژمن و دێوەزمەی شەو، ئێوارەی بەر لە ڕۆژی نەورۆز لە سەر لووتکەی چیا بەرزەکانی کوردستان بە گڕی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز موژدەی کۆتایی زستان و ستەم بە خاک و خەڵک و چیا و پێدەشتی کوردستان ڕادەگەیەنن و خەونی تاریکپەرەستان لەگۆڕ دەنێن. لەگەڵ گزینگی خۆری نیشتمان بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردەواری، بە سروودی بەهار و نەورۆز و ئەی ڕەقیب وەرزێکی تر لە خەبات و فیداکاری و سەرهەڵدان و دەست پێدەکەنەوە و دەست لە ناو دەست گۆڤەندی یەکڕیزی و یەکبوون دەگێرن. ئەمساڵیش لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی ئەم خاک و ئاوە، بێ ترس لە هەڕەشەی دژمن، بەشکۆوە ڕێزیان لە نەورۆز گرت و هاودەنگ و هاوهەڵوێست هاتنەوە گۆڕەپانەکانی جێژنی نەورۆز و لەگەڵ کلپەی سووری ئاگر، ئاگریان لە دێوەزمەی ترس و داوەڵی ڕەشی دژمن بەردا. شەنگە بێری و شۆڕەسواری کورد بوونەوە سەرچۆپیگری ڕەشبەلەک و ئاگری نەورۆزیان کردە هەوێنی یەکڕیزی و یەکبوون. بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی، بە جامانە و هەوری و گوڵی سوورەوە بوونە هاندەر و هاودەنگی هەڵگرانی ئاڵای خەباتی بێ پسانەوەی شۆڕشگێڕان و ڕێبوارانی ڕێگەی سەردارانی چوارچرا و بە دژمنیان سەلماند کە ئێمە هەر یەکین و هەر یەک دەبین. سەرەتای ئەم نەورۆزە سەرەتا و درێژەی ئەو خەباتە مەدەنی و سیاسییە کوردانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بۆتە هاندەری هێزی لەبڕاننەهاتووی گەلەکەمان و لە کۆمەڵگەی کوردیدا جێی گرتوە و لەنێو دڵی دژمندا سروودی ئەی ڕەقیب دەبێتە هەوێنی بەگژداچوونەوەی لەشکەری داگیرکەر و ئەم شێوە خەباتەش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر خەڵک لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و دەبێتە هێزێکی یەکگرتووی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی قڕکردن و لەنێوبردنی گەلی کورد و کۆتایی دەسەڵاتی ڕەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.