کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنی 641 چالاکی سیاسی و سەپاندنی سزای 5810 مانگ زیندان بەسەر 165 بەندیی سیاسیی کورد لە ساڵی 97 دا

18:16 - 4 خاکەلێوه 2719

لە ماوەی ساڵی 1397دا لانیکەم 641 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو 641 کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم 165 کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم 5810 مانگ (174300 ڕۆژ) زینداییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها 5 بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی محاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و 3 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیان لێ ئەستێندراوە. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ماوەی سێ مانگی زستاندا 177 چالاک و هەڵسووری سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و لایەنگری لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەسبەسەر و زیندانی کراون. گرتن و حوکمدرانی 177 چالاک و هەڵسووری کورد لە وەرزی زستان لە حاڵێکدایە کە لە 9 مانگی بەهار و هاوین و پاییزیشدا 464 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون و بەو پێیە ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا 641 کەسیان دەسبەسەر و زیندانی کردوە.