کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژانی نەورۆزدا ١٧٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

18:18 - 4 خاکەلێوه 2719

"عەینوڵڵا جەهانی جێگری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧ ڕۆژی ڕابردوودا ١٧٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و ٣٧٤١ کەسیش بریندار بوون. ساڵی ڕابردووش بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە تەنیا لە ماوەی نیزیک بە یەک مانگی بەهاردا ١٤٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لە دەستدا. "کەمال هادینفەر بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆ ڕایگەیاند کە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە ٣٨ کەس گیانیان لە دەستداوە و ٤٧٠ کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئاماری پزشکی قانوونی، ژمارەی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ساڵی ٩٧ دا ٢٤ لەسەد زیادی کردبوو و بەپێی ئەو ئامارە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٦ هەتا خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٧ هەتاوی، ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ لە ئێراندا گەیشتۆتە ٩٧ هەزار و ٣٧ کەس. لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا تەنیا لە ڕۆژانی نەورۆزدا ١١ هەزار ٨٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕووداوی هاتووچۆ تێیدا ڕوودەدا و لە ١٩٠ وڵاتی جیهان ئێران دوای وڵاتی "سیرالئوون"ی ئەفریقا دووهەمین وڵاتی دنیایە کە بە ڕووداوی هاتووچۆوە خەڵکێکی زۆر گیان لەدەست دەدەن یا بریندار و نقوستان دەبن. هەر بەپێی ئاماری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٢٧٧ هەزار کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە چوار میلیۆن کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئاماری خاچی سووری ئێران، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ڕۆژانە ١٠٠ کەس بە نقوستان و کەمەندامانی وڵاتی ئێرانەوە زیاد دەبن.