کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ١٤ کاربەدەست و ١٧ دامەزراوەی دیکەی کۆماری ئیسلامی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

14:13 - 5 خاکەلێوه 2719

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، نێوی ١٤ کاربەدەست و ١٧ دامەزراوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە لیستی گەمارۆکانەوە زیاد کرد. ئەو کەس و ناوەندانە بەهۆی پێوەندی و هاوکاری بەرنامەی ناوکی ئێران خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە. موحسن فەخریزادە کە تا پێش ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی بەرپرسی بەرنامەی ناوکی ئێران بوو و دواتر ناوەندێکی دیکەی بۆ دروستکردنی چەک و چۆڵی سەربازی دامەزراند کە ١٥٠٠ کارمەند کاری تێدا دەکەن، یەکێک لەو کەسانەیە کە خراوەتە نێو لیستی تازەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران. دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی ناوکی هیچ کاریگەرییەکی لە سەر هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دانەناوە. ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاویی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتننامە هاتەدەر ودواتر لە دوو کاتی جیاوازدا بڕیاری دا کە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە. دەوڵەتی ئەمریکا دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە و بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی بە پێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان درێژە پێدەدا و بۆتە هۆی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. شایانی باسە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند پیلانی تێرۆریستی لە لایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ تێرۆری دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی ئورووپایی ئاشکرا بوو کە هەڵوێستی دیپڵۆماتیکی وڵاتانی فەڕانسە، ئاڵمان، دانمارک و هولەندی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکەوتەوە.