کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

41 کرێکاری کورد بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە

14:19 - 5 خاکەلێوه 2719

ژمارەی قوربانیانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 200 کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی 48 کەس لەوانی تۆمار کردووە. لەو 48 کەسە 41 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 7 کەسیش بریندار و نقوستان بوون. لە ماوەی سێ مانگی زستانی ساڵی رابردوودا هەر نەبێ 12 کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی گیانیان لە دەست داوە. لە وەرزی بەهاریشدا 10 کرێکار، لە وەرزی هاویندا 11 کرێکار و لە پاییزیشدا 8 کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست دابوو. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 1397دا بەهۆی ڕووداوی کار لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە، 41 کەس بووە. ئەوە جیا لەوەی سەدان کەسیش بە شێوەی جۆراوجۆر لە کاتی کاردا بریندار یان نقوستان بوون. گیانلەدەستدان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی رووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لە ژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌ک دانین. هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی 1397 دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندە لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دواکه‌وتوه‌ و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌.