کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پمپئۆ: لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە لوبنان و ناوچەکە نیگەرانین

17:21 - 5 خاکەلێوه 2719

مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی سەردانی وڵاتی لوبنانی کرد و لە "بەیروت" لەگەڵ فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە سەر تەڕاتێنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەو دیدارەدا باس لە ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کراوە و، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە نەخش و ڕۆڵی ئێران لەو بارەوە دەربڕیوە. شایانی باسە کە حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێ و بە بەشێک لە هێزەکانی ئێران ناو دەبرێ. بە وتەی " ڕابێرت پالادینۆ" گرینگی هاوکاری ئەمنییەتی لە نێوان لوبنان و ئەمریکا و چۆنییەتی پشتیوانی ئەمریکا لە سپای لوبنان یەکێک لە باسەکانی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی لوبنان بووە.