کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی پارێزگای گوڵستان قەدەغە کرا

17:24 - 5 خاکەلێوه 2719

"جەواد جاوید نیا" جێگری دادستێنی گشتیی ئێران ڕایگەیاند کە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی باکووری ئێران کە کەوتوونە بەر لافاو، تەنیا لە ڕێگەی کۆمیتەی ئیمداد و خاچی سووری ئێرانەوە دەبێ. ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند ناوچەیەک لە سێ پارێزگای ئێران کەوتوونەتە بەر لافاو و چەند کەس گیانیان لە دەست داوە و خەسارێکی زۆر بەر خەڵک کەوتوە. لەو کاتەدا کە خەڵک تووشی ماڵوێرانی بوون، حکوومەتی ئێران نەیتوانیوە بەشێوەی پێویست جێگە و ڕێگە و خواردن و پێداویستیەکانی ژیان بۆ ئەو خەڵکە لێقوماوە دابین بکا. خەڵکی ئێران کە ئەزموونی تاڵیان لە سەر پێڕانەگەیشتنی حکوومەت بە لێقەوماوان هەیە و بە تایبەتی لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشان حکوومەتی ئێران نەک هەر کەمتەرخەمی بەڵکوو ئەو پیداویستیانەش کە لە وڵاتانی دیکەوە یا لە شارەکانی ئێرانەوە بۆ بوومەلەرزەلێدراوان دەنێردران نەیدەهێشت بگەنە دەستی خەڵکی لێقەوماوی کرماشان، هەر بۆیە خەڵک و بە تایبەتی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان یەکەم کاراوانی هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی گوڵستان بەڕێکرد. خەڵکی ئێران کە ماوەی چل ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا ژیانێکی سەخت و تاڵ تێپەڕ دەکەن، زۆر باش ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە و دەزانن کە بەخەمی خەڵکی ئێرانەوە نییە، هەربۆیە لە کاتی لێقەومان دا بێ دواکەوتن و بێ چاوەڕوانی لە حکوومەت، خۆیان بە هانا و فریای یەکترەوە دەچن. لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشان خەڵکی کوردستان لە هەموو شارەکانەوە هاوکارییەکانیان بۆ هاوزمانەکانیان بەڕیکرد و بە هانایانەوە چوون و بوونە پێشەنگە و سەرقافڵەی شۆڕشیکی نوێ لە ئێراندا و دوابەدوای ئەوان خەڵکی دیکەی ئێرانیش بەفریای لێقەوماوانەوە چوون. ڕێژیمی ئاخوندی کە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بێجگە لە نەهامەتی هیچی دیکەی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری نەهێناوە، هیچ کات لە فریای خەڵک نەکەوتوە و بە جێگەی یارمەتیدانی خەڵکی ئێران، سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕی و تێرۆریستیەکانی لە وڵاتانی دیکە بەڕێدەکا. ئێستاش کە بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی باکووری ئێران داوە، دەیانهەوێ لە ڕێگەی خۆیان و بەنێوی خۆیانەوە ئەو هاوکارییانە کۆبکەنەوە و بەشیک لە پێداویستییەکانی خەڵک بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکار بێنن و لە لایەکیترەوە نایانهەوێ پێوەندی و هاوسۆزی خەڵک ببێتە هۆی ناڕەزایەتی لە ڕیژیمەکەیان.