کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی سێڵاو و بارانەوە گوندێک لە ئێران نوقم بوو

01:03 - 8 خاکەلێوه 2719

بەهۆی باران و سێڵاو گوندێکی سەر بە "بویر ئەحمەد" کە نزیک بە ٢٠ بنەماڵە بوو بە تەواوی کەوتە ژێر ئاو و دواتر بە زەویدا ڕۆچوو و وێڕای لەنێوچوونی گوندەکە هەموو زەویە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیەش وێران بوون. ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە لە چەند ناوچەیەکی ئێران لافاو هەستاوە و زەرە و زیانێکی زۆری بە خەڵک گەیاندووە. تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکان لە ٢٠٠ کەس تێپەڕیوە و بە هەزاران ماڵ وێران و بن ئاو کەوتوون. لەگەڵ ئەوەی کە ناوەندی کەشناسی حەوتوویەک پێشتر پێشبینی ئەو بارانە زۆرەیان کردووە، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت هەر وەک هەمیشە کەمتەرخەم بوون و حاڵەتی نائاساییان ڕانەگەیاندووە و خەڵکیان ئاگادار نەکردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەیکە باران و سێڵاو سروشتین و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕوو دەدەن، بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان دەوڵەت پێشتر خەڵک ئاگادار دەکەنەوە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕوودانی هەر کارەساتێک تا بتوانن بە کەمترین زیان خەڵکەکەیان نەجات بدەن. شایانی باسە کە حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە بڕینی لێڕەوارەکان، دروست کردنی بەنداو و گرتنی بەشێک لە ڕێڕەوی ئاو و ڕووبارەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە سێڵاو هەستێ و زیان بە خەڵک و ناوچەکە بگەیەنێ.