کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک سەدان لاپەڕەی ساختەی داخست کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرابوونەوە

01:05 - 8 خاکەلێوه 2719

بۆ جاری سێهەم لەم چەند مانگەی دواییدا کۆمپانیای فەیسبووک سەدان لاپەڕەی ساختەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگرت کە بۆ مەبەستی تایبەت و تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە کەڵکیان لێوەردەگیرا. کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە سەدان لاپەڕەی فەیسبووکی ساختەی داخست کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل کرابوونەوە. دەستێوەردانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان بەردەوامە و بۆتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی لە فەلەستین، لوبنان، عیراق، یەمەن و سووریە و دەستێوەردان و پشتیوانی لە گرووپە جۆراوجۆرەکان بۆتە هۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و بێزاری بیروڕای گشتی ئێران و جیهان. لە کاتێکدا کە خەڵک بە دوای ئارامی وئاسایشدا دەگەڕێن کۆماری ئیسلامی خەریکی هەڵایسانی شەڕ و تێکدانی ژیان و ئاسایشی خەڵکە و هەر بۆیە بە گەورەترین سەرچاوە و پشتیوانی تێرۆریزم ناسراوە و بۆتە یەکێک لە قێزەونترین دەوڵەتانی جیهان.