کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

01:05 - 14 جۆزەردان 2720

بەڕێز مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ڕێز و سڵاوی خەبات و برایەتی! بەبۆنەی ٤٥ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین سڵاو و پیرۆزباییتان پێشکێش دەکەین. دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی بارودۆخێکی هەستیار و زەروورەتێکی مێژوویی بوو، و ئەم حیزبە تێکۆشەرە لە ماوەی ٤٥ ساڵ ژیانی سیاسیی خۆیدا قوربانیی زۆری بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد لە عێڕاق و چێ‌کردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان داوە. پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرێژایی ئەم مێژووە، پڕبایەخ و جێی شانازی بۆ هەر دو لایە. ئەم پێوەندییە بە ئیلهام‌وەرگرتن لە بنەما فیکرییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی نەمران د. عەبدولڕحمان قاسملوو و مام جەلال تاڵەبانی، سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و دژوار و تایبەتمەندیی خەباتی سیاسیی کورد لەم دوو بەشەی نیشتمان ئێستاش هەروا بەگوڕە؛ و ئێمە بە چاوی ڕێزەوە لەو ڕابردووە پڕشانازییەی نێوانمان دەڕوانین و پێداگرین کە پێوەندیی برایانەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتینتر لە جارانیش بەرەو پێشتر بچێ. جارێکی دیکەش ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆز و هیوادارین کە یەکیەتیی نیشتمانی لە ساڵیی نوێی ژیانی سیاسیی خۆیدا و لە وەرزی هەرە هەستیاری ئێستای عێڕاق و ناوچەدا، بە هیوا بە داهاتوویەکی گەش بۆ هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی بۆ سەرخستنی زیاتری مافەکانی کورد بەردەوام بێت.   حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی