کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە

16:13 - 26 جۆزەردان 2720

هەڤاڵانی بەڕێز لە پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە لەگەڵ ڕێز و سڵاو! بە بۆنەی یادی ٦٣ ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەتان، پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە بە گەرمی پیرۆزباییتان پێ‌دەڵێین. حیزبی ئێوە لەو ماوە دوور و درێژەدا خەباتی بێ‌وچانی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە سووریە کردوە و لەو پێناوەشدا قوربانیی داوە. هەر لە سایەی ئەم بەردەوامی و خەبات و قوربانیدانەی حیزبی پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد و، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژئاواوە، پرسی کورد لە سووریە قۆناغی گرینگ و پڕبایەخی بڕیوە و دەسکەوتی مێژووییشی وەسەر یەک ناوە. لەم دەرفەتەدا پێداگری لەسەر ئەوەش دەکەینەوە کە پرسی کورد لە ڕۆژئاوا و لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان لە هاوکێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەرێ. سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی بۆ کورد هاتوونە پێشی و دوورکەوتنەوە لە هەڕەشە و مەترسییەکان، لە گرەوی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی واقعبینانه،‌ هه‌ڵبژاردنی گوتارێکی کارادایە و، نەهێشتنی هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌رده‌م بزاوتی سیاسیی کورد له‌ ڕۆژئاواش لە پەلەی یەکەمدا، پێویستیی به‌ کۆده‌نگی‌ و هاوپێوه‌ندیی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌کانە لەم بەشەی نیشتمانەکەماندا. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە بە حیزبی دۆست دەزانێ و پێوەندییەکی باش و جێی شانازیی لەگەڵ ئێوە هەیە، لەو بارەیەوە ئارەزووی سەرکەوتنتان بۆ دەکا. بە هیوای دەسپێکی ساڵێکی نوێ لە تێکۆشان و خەباتی ئێوەی هەڤاڵانی هێژا لە پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد، لە پێناو وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سووریە و چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی