کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی "ڕادیۆ دەنگی کوردستان"ەوە

04:11 - 27 جۆزەردان 2720

ئەم مەشخەڵەی دژ بە تاریکی و دیکتاتۆری و بندەستی، بە گەشاوەیی دێڵینەوە

(پەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی "ڕادیۆ دەنگی کوردستان"ەوە)

  گوێگران و هۆگرانی دەنگە خۆشەویستەکەی خەباتی حەقخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ٤٠ ساڵ بەسەر دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا، تیدەپەڕێ. "ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران" لە هەلومەرجێکدا لەدایک بوو کە حیزبی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاکامی پێداگرییان لەسەر مافە نەتەوەییەکانی خۆیان، شەڕێکی هەمە لایەنە و نابەرامبەریان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەردا سەپابوو. هاوکات لە گەڵ لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان، خومەینی فتوای شکاندنی قەڵەمەکان و هێرش بۆ سەر ڕۆژنامە سەربەخۆ و ئازادەکانی ئێرانی دەرکردبوو. بەم جۆرە لە لایەکەوە شەڕێکی هەمە لایەنە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپابوو، لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێگاکانی گەیشتنی هەواڵ و ڕاپۆرتی تاوانەکانی ڕێژیم لە کوردستان و هاواری زۆرلێکراویی ئەو خەڵکەیان بە بەشەکانی دیکەی ئێران بەستبوو. ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە ئاگاداریی لە گرینگیی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بێدەنگی و خەفەقانەی ڕێژیمی تازە بەرامبەر بە خەڵکی مافخواز و شەڕ بەسەرداسەپاوی کوردستان پێکی هێنابوو، بیری لە وەڕێخستنی ڕادیۆ کردەوە. بەم جۆرە لە ٢٧ی جۆزەردانی١٣٥٩ (١٧ی ژوئەنی١٩٨٠)، ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بە پەیامی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، بەڕەسمی بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی خۆی دەست پێکرد. ئەم ڕادیۆیە لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە تیکۆشان و بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانیدا بەردەوام بووە و، بووە بە خاوەنی مێژوویەکی پڕشنگداری جیانەکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەنگی کوردستانی ئێران لە لایەک بەوهۆیەوە کە دەنگی خەباتی ڕەوا و پڕ لە قارەمانەتی و قوربانیدانی حیزبی دێموکرات بوو، لە لایەکی دیکە لە نەبوونی ڕاگەیەنێکی ئەوتۆ کە هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان بە خەڵک بگەیەنێ، بەزوویی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێی خۆی کردەوە. سەرەڕای لاوازی و کەموکورتیی ئیمکاناتی فەننی و یەک لەوان خودی دەزگا (فرستندە)ی ڕادیۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە چڕی و لە ناوچەی جۆراوجۆر پاڕازێتی دەخرایە سەر، بەڵام بەزوویی ئەم ڕادیۆیە ڕێگای خۆی بۆ نێو سەدان هەزار ماڵ _ئەگەر نەڵێین بە میلیۆن خەڵک_ کردەوە و گوێگرتن لە بەرنامەکانی، بوو بە بەشێک لە بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. هەواڵ و ڕاپۆرتی هێرش و تاوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و، بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵیان، ڕەفتاری کاربەدەستان و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک لە شار و گوندەکان، بەشێکی هەمیشەیی بوون لە نێوەرۆکی بەرنامەی ڕۆژانەی ئەو ڕادیۆیە. ئەوەش کە بەرنامەکانی ڕادیۆ بە زمانی فارسی و بۆ ماوەیەک بە زمانی ئازەرییش بڵاو دەبوونەوە، ژمارەی بەردەنگی ئەو ڕادیۆیە و پانتایی کاریگەرییە میدیایی و سیاسییەکەی زیاتر کردبوو. شیکردنەوەی سیاسیی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووهەم ئەرکی ڕۆژانەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو. ئەم جۆرە باس و لێکدانەوانەش زیاتر کەسانێک دەیاننووسی کە لە ڕێبەران و سیما سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات بوون. یەک لەو کەسایەتییانە ڕێبەری شەهید د. سادق شەرەفکەندی بوو کە تواناییەکی زۆری لە شیکردنەوە و باسکردنی مەسەلە گرینگەکان بە زمانێکی سادە، هەروەها لە دۆزینەوەی سووژە و بابەتی شیاوی شیکردنەوە و ڕوونکرنەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکدا هەبوو. ڕاستییەکەی ئەوەیە نەک هەر جەماوەری بەرینی گوێگری ڕادیۆ، بەڵکوو ئەندامان، پێشمەرگەکان و کادرەکان و تەنانەت بەرپرسانی حیزبییش، لە ڕێگای لێکدانەوە و وتارە سیاسییەکانی ئەم ڕادیۆیەوە، لە ڕووی سیاسییەوە، ڕێنوێنی دەکران و پەروەردە دەبوون. کاریگەریی بەرنامەکانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان، لە ڕووی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیشەوە، لە کاریگەرییە خەبەری و سیاسییەکەی کەمتر نەبوون. بایەخدانی ئەم ڕادیۆیە بە مێژووی نەتەوەی کورد و بۆنە نەتەوەییەکان، دڵسۆزی و هەستیاربوونەکەی لە ئاست زمانی کوردی و هاندانی خەڵک بۆ بەرگری لە زمان و شوناسی خۆیان، گرینگیدانی بە ئەدەبیات و گۆرانی و مۆسیقای کوردی، لە تەنیشت ئەمانەش لەقاودان و دژایەتیکردنی چەوساندنەوە و نەریت و ڕێوشوێنی دواکەوتووانە و دزێوی نێو کۆمەڵ بە تایبەت لە دژی ژنان، لەسەرهەستبوونی لە ئاست پەروەردەی منداڵ و لاوان و ئاوڕدانەوە لە پێویستییەکانیان، هەروەها بە شێوەی جۆراوجۆر وەستان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و وریاکردنەوەی چین و توێژ و بەشە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاکامەکانی ناکۆکی و دووبەرەکیی خێڵەکی و ناوچەگەرییانە، یا لەسەر ئەساسی ئایین و زاراوە و هەر جیاوازییەکی‌تر، جێیەکی دیاریان لە نێو ئامانج و ئەرکەکانی ئەم ڕادیۆیەدا هەبووە. دەتوانین بڵێین هەتا ئەو کاتەی تەلەڤیزیۆن نەهاتبووە نێو ڕیزی ڕاگەیەنەکانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، پشکێکی حاشالێنەکراوی لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئەدەبیاتی بەرگری و هاندانی تەبایی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە نیو ڕیزەکانی خەڵکدا هەبوو. ئەگەر حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان، ئەم قۆناخەی ئێستا تێپەڕێنن و، نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتمانەکەی خاوەنی ماف و بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێ، حەق‌ وایە لە یەکەم هەنگاوەکانیاندا، مووزەخانەیەکی تایبەت بۆ ئەرشیفی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بکەنەوە. لە ماوی ٤٠ ساڵ تێکۆشان و بەردەوامیی ئەو رادیۆیەدا، دیارترین و کاریگەرترین ڕێبەران و تیکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان، بە نووسین، بە پەیام و لێدوانی تایبەت یان وتووێژ، لە ڕێگای ئەم ڕادیۆیەوە قسەیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان کردوە. ئەرشیڤی بۆڵتەنی خەبەریی ڕۆژانەی ئەم ڕادیۆیە و وتار و لێکدانەوە سیاسییەکانی، پانۆرامای مێژوویەکی بە خوێن نووسراون کە شایەدی بۆ خۆڕاگریی جێی شانازیی بزووتنەوەیەکی گشتگیر بەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندە و خوێنڕێژ دەدەن. دەنگی دەیان و سەدان تێکۆشەر و قارەمانی نەتەوەکەمان، دەستنووسی دەیان و سەدان سیمای سیاسی و ڕووناکبیر، لە ئەرشیڤی ئەم رادیۆیەدا هەن و لەوانەیە یادگار و شوێنەواری هێندێک لەوان لە هیچ کوێی دیکە دەست نەکەوێ. ژیاننامەی سەدان فەرماندەری نیزامی و کادری سیاسی و هەزاران لاوی پێشمەرگە، ئەرشیڤی ئەم ڕادیۆیەیان دەوڵەمەند کردوە. زۆر لە گوێگرانی ئەم ڕادیۆیە شێعر و پەخشان و بیرەوەری و پرسیار و پێشنیار و جوانترین هەستەکانی خۆیان بە دەسخەتی خۆیان بۆ ئەم ڕادیۆیە ناردوە. ئەو ساتانەی جێگای تایبەتیان لە مێژووی حیزبی دیموکرات و نەتەوەی کورددا هەیە، لای ئەم ڕادیۆیە، شەقڵ و یادگاری تایبەت بە خۆیان جێ‌هێشتوە. تەنیا چاوخشاندنێک بەسەر لیستی دوور و درێژی ناوی ئەو کەسانەی وەک بەرپرس، بەڕێوەبەر، نووسەر، وەرگێڕ، بێژەر، ئەندازیار و کادری فەننی لەم ڕادیۆیە‌دا خزمەتیان کردوە، بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە ڕادیۆی دەنگی کوردستان کۆکەرەوە و مەکۆی چ هێزێکی گەورە و بەتوانای ئینسانی بووە و، چ ڕۆڵێکی دیار و بەنرخی لە تێکۆشانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە تایبەتی لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ ی هەتاویدا هەبووە. لە ٤٠ ساڵەی دامەزران و بەردەوامیی ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا،  وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە لە هەموو هۆگران، دڵسۆزان و پشتیوانانی سەردەمە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕادیۆیە، بە ڕێزەوە یادی زەحمەت و ماندووبوونی بەشدارانی نێو ئەو کاروانەی تێکۆشان لە هەموو ئاستێکدا دەکەینەوە. ئەوانەی شەهید بوون، یان بە مەرگی ئاسایی بەجێیان هێشتووین، سڵاو بۆ گیانی پاک و یادی نەمریان دەنێرین. هەوڵی ئێمە لە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکرات و لە بەڕێوەبەریی ڕادیۆی دەنگی کوردستان ئەوەیە ئەم دەنگە حەقخواز و هیواخولقێنە، هەر وا بەردەوام و بە گوڕ ڕابگرین و، لە  ئێستا و قۆناغەکانی لەمەودوای خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەشماندا، ئەم مەشخەڵەی دژ بە تاریکی و دیکتاتۆری و بندەستی، بە گەشاوەیی بێڵینەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ ١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠