کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بەرزاییەکانی ئالانە لە سنووری حاجی ئۆمەران

02:21 - 30 جۆزەردان 2720

جەماوەری خەڵکی کوردستان، ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان، ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان! هەروەکوو هەموولایەک ئاگادارن لە بەرەبەیانیی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانەوە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپباران و کاتیوشابارانی بەرزاییەکانی "ئالانە"ی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە. هەرچەندە ئەوە یەکەم جار نییە کە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەکەیان بەهۆی تۆپخانە و هێزی مووشەکی و هەوایی سنووری عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنێ، بەڵام ئەم جارەیان ڕێک دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە لە ئانکارا ئەم هێرشانە دەستی پێکردوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندراوە پەلامارەکان هەروا درێژەیان هەیە. کۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەکەی بە مەبەستی لێدانی بنکەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی، هێزێکی زۆری پڕچەکیشی بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کۆ کردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لە ئارادایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەو تۆپباران و هێرشانەدا زەرەروزیانێکی زۆری ماددی بەر جووتیاران و کوێستانچیەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش کەوتوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی هەرچەشنە سنووربەزاندن و هێرشێک بۆسەر حیزبەکانی کوردستان داوا لە ناوەندە سیاسییە بڕیاردەرەکانی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکا لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێ‌هەڵوێست نەبن و بۆ پاشەکشە بەو هێرشانە دەنگ هەڵبڕن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەروەها داوا لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکا کە لە بەرانبەر ئەو دەست درێژییانەدا بۆ سەر وڵاتەکەیان، ناڕەزایەتی دەرببڕن و لە کۆماری ئیسلامی‌یان بوێ  کە ڕێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرێ. هەموو ئەو هێرشانەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی خۆیدا دەیان قەیرانی گەورە بەرۆکی گرتوە و لەبەر گەندەڵیی بەرفراوانی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی و قەزایی ڕێژیم، توانایی ڕاپەڕاندنی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵکیان نییە و داهاتی ئەو وڵاتە خەرجی ئەو شێوە پەلامارە تیرۆریستییانە و یارمەتیی گرووپە تیرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی ڕێژیم لە ناوچە دەکرێ و بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن قەیران و کێشەکانیان بشارنەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە جارێکی دیکە ڕادەگەیەنێ کە باشترین و تەنیا ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگەچارەی سیاسییەوە و پەنا بردنە بەر هێرشی سەربازی تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا و تێچوویەکی قورسی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەدواوە دەبێ. هەروەها مێژوو سەلماندوویەتی ئەو جۆرە هێرش و پەلامارانە گەلی کورد لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دڵسارد ناکاتەوە. بە هیوای یەکگرتوویی زیاتری تێکۆشەران و خەباتکارانی گەلەکەمان.   ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ ١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠