کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان

02:22 - 18 پووشپەڕ 2720

چیا مەللاک: کورد لە ئێران کێشەی حاکمیەت و ناسنامەی خۆی هەیە، کە لەگەڵ خوێندنەوەی ڕەسمیی حکوومەتی ناوەندی جیاوازیی زۆرە   گەلی کورد هەر لە یەکەم دابەش بوونیەوە هەتا دواتریش بەردەوام لەژێر مەترسیی سڕینەوە و لە نێو بردن و ئاسیمیلە لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە بووە، بۆ نەتوانەوە و مانەوەی خۆیشی خەباتێکی بێ‌پسانەوەی گرتوەتە بەر کە ئەم خەباتە نسکۆی بووە و سەرکەوتن و دەسکەوتی بووە و شکستی نیزامییشی هەر بووە. لەگەڵ گۆڕانی شێوازی خەبات، شێوازی و تاکتیکی دوژمنان و داگیرکەرانیش بە شێوەیەکی ڕێژەیی بە نیسبەت پرسی کوردستانەوە گۆڕانی بەسەردا هاتوە. یەکێک لەو بابەتانەی لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بابەتی ڕۆژە و جێی سەرنجە و وەک مەترسییەک دەنوێنێ؛ بابەتی گۆڕانی دێموگرافیی ئەم بەشە لە کوردستانە کە بە شێوازێکی نەرم کۆماری ئیسلامی خەریکی جێ‌بەجێ کردنیەتی؛ لەم ژمارەی “کوردستان”ـدا لەگەڵ “چیا مەللاک” کارناسی ژێئۆپۆلیتیک و چالاکی سیاسی وتوێژێکمان پێک هێناوە لەسەر ئەم بابەتە گرینگەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاستی ئەم هەوڵانە و نیگەرانییەکانی و هتدی ئاماژە پێ کراون. بە گشتی پێناسەیەکمان هەبێ لەسەر جوغرافیای کوردستانی ئێران ئەوەی ئێمە بە کوردستانی دەزانین، ئایا حکوومەتی ناوەندی لەگەڵمان هاوڕایە؟ کوردستانی ئێران بە یەکەیەکی نیشتمانی، سیاسی و جوغرافی دەگوترێ کە لە باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای سنوورە ڕەسمییەکانی ئێران هەڵ‌کەوتوە و زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن یان لە ڕووی جوغرافیایی و مێژووییەوە بەشێکە لە خاکی کوردستان. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەی من لە ساڵانی ڕابردوو کردوومە، ڕووبەری کوردستانی ئێران ١٣٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. لەو ژمارەیە ١١٧ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەی بە تەواوی کوردنشینە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٦٤ شارستان لەخۆ دەگرێت کە ٤٦ـیان بە تەواوی کوردنشینن. بەڵام بەشەکەی دیکەی لەگەڵ تورکی ئازەری، لوڕ، عەرەب و فارس تێکەڵە کە لە هەندێک شوێن کورد زۆرینە و لە هەندێک شوێنی دیکە نەتەوەکانی دیکە زۆرینەن، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و جوغرافیایی، خاکەکەی بەشێکە لە خاکی کوردستان. هەم کۆماری ئیسلامی؛ هەم حکوومەتەکانی پێشوو بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی قاجار هەوڵیان داوە جوغرافیای کوردستانی ئێران تەنیا بە پارێزگای سنە ببەستنەوە، واتا کاتێک باسی کوردستان دەکرێ تەنیا پارێزگای سنە بگرێتەوە. بەڵام ناوچەکانی دیکە بە ناوچەی کوردنشین ناو دەبەن یان هەر ناوی نابەن. بەڵام ئێمە پێمان وایە کورد کێشەی حاکمیەت و ناسنامەی لە کوردستانی ئێران هەیە و لەگەڵ خوێندنەوەی ڕەسمیی حکوومەتی ناوەندی جیاوازیی زۆری هەیە.   ئاڵوگۆڕی دێموگرافیی کوردستان لە چ ئاستێک‌دایە؟ ئایا جێگەی نیگەرانییە؟ چوارچێوەی جوغرافیایی کوردستان تا چ ڕادەیەک کاریگەر بووە لەسەر ئەم گۆڕانە دێموگرافییە؟ بەخۆشییەوە بە هۆی زۆریی حەشیمەت و چڕیی دانیشتووانی کوردستانی ئێران زیاتر لە ٩٠ لەسەدی خاکی کوردستان کێشەی دێموگرافی و ناسنامەیی نییە. بەڵام لە هەندێک شوێن لەوانە لە ڕۆژئاوای هەمەدان و لوڕستان؛ باکوور و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ورمێ و بەشێکی کەم لە پارێزگای سنە و ئیلام؛ کورد لە ڕووی نەتەوەیی و جوغرافیایی کێشەی دێموگرافیی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە هەیە.   حکوومەتی ناوەندی زیاتر لە چ ڕێیەک و لە چی کەلک وەردەگرێ بۆ گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان؟ دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە جۆرێک لە هەوڵدان لە ٨٠ ساڵی ڕابردووەوە بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی نەتەوەیی لە هەندێک ناوچە دەبیندرێ. بە نموونە پارێزگای ورمێ کە زیاتر لە ٨٠٪ی خاکەکەی و ٦٥٪ی دانیشتووانەکەی کوردە، بەڵام ناوە فەرمییەکەی کراوە بە ئازەربایجان و، کەمینەیەکی تورک دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی کورددا هەیە. لەو پارێزگایە هەوڵ دراوە لە ڕێگەی نانەوەی ناکۆکیی نەتەوەیی و مەزهەبی لە لایەک و پشتگوێ خستنی کورد لە لایەکی دیکە؛ ئەو دوو پێکهاتە سەرەکییە لەدژی یەک بوەستنەوە و لە هەندێک شوێنی پارێزگاکەش بە تایبەت لە نەغەدە و ماکۆ هەوڵ دراوە دێموگرافی لە بەرژەوەندیی تورکی ئازەری بگۆڕێ و پێوەندیی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ باکووری کوردستان بپچڕێنێ. بەڵام لە باشووری کوردستانی ئێران هەوڵ دراوە سیاسەتەکە لە ڕێگەی سڕینەوەی زمان و ناسنامە و تێکەڵ کردنی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە جێبەجێ بکرێ. دیارە ئەوە ڕەوتێکی میژوویی‌تری هەیە کە ڕەنگە ئێستا لەم هەڤپەیڤینە کورتە بۆ باس کردن نەلوێ. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کولتووری نەتەوەی کورد و تواندنەوەی لە نەتەوەی باڵادەستدا دەکرێ هەر بەشێک لەم هەوڵانە بێ؟ بەڵێ. لە چەندین شوێن ئەم سیاسەتە وڵامی داوەتەوە، بە نموونە بەشی باشووری شاری مەراغە یان ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەزن کە دەیان گوندی یەک‌پارچەی کوردنشین هەن و لە ڕووی جوغرافیاییەوە بە خاکی کوردستان بەستراونەتەوە؛ بەڵام بە هۆی نەبوونی تێکەڵی لەگەڵ کوردی ورمێ و سنە لە لایەک و  تێکەڵیی زۆر لەگەڵ دانیشتووانی ناکوردی ناوچەکە، زمانی کوردی تا ڕادەیەکی زۆر لە بڕەو کەوتوە و لە بری زمانی کوردی، ئێستا خەڵکەکە بە تورکی یان فارسی قسە دەکەن. ئەم بابەتە لە گوندەکانی قەڵاوەند لە باکووری پارێزگای خووزستانیش هەیە کە بە خاکی کوردستانەوە چەسپاوە. دەمەوێ نموونەیەک لەسەر گۆڕینی دێموگرافی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنمەوە. من جارێک کە بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی گوندێکم بە ناوی “عەملە تەیموور” کردبوو، لەو گوندە نەک ناسنامەی کوردی نەمابوو بەڵکوو جگە لە پیاوێکی ٩٠ ساڵان هیچ کەس کوردیی لە بیر نەمابوو. بۆیە سڕینەوەی ناسنامە و تواندنەوە لە نەتەوەی باڵادەستدا بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو بووە لە سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی بەرامبەر بە کورد. هاوسنووریی کوردستان لەگەڵ تورکەکان چەندە کاریگەر بووە لە گۆڕانی دێموگرافیی ئەم ناوچانە؟ پێشتر بڵێم من پێم وایە ئاسایشی نیشتمانیی کورد و تورک لە ئێران پێکەوە وابەستە و گرێ‌دراوە. هیچ یەک لە ئێمە ناتوانین بێ ئەویدی پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتمانییمان بکەین. پێم‌وایە تورک لەوەدا خەتابار نییە بەڵکوو ئەوە حکوومەتە کە ناوچە کوردی و تورکییەکانی لە ڕووی ئیدارییەوە پێک بەستوەتەوە. دیارە لە هەندێک شوێنی وەکوو نەغەدە و میاندوواو تا ڕادەیەک دێموگرافی لە بەرژەوەندیی تورک گۆڕدراوە، بەڵام بە گشتی وا نییە. بە نموونە لە “ئەسەدئاباد” و قوروە، دۆخەکە پێچەوانەیە دێموگرافی لە بەرژەوەندیی کورد تا ڕادەیەک گۆڕدراوە. بۆیە ناکرێ بڵێین دێموگرافی بە تەواوی لە بەرژەوەندیی تورک‌دایە. تا چەند کۆچی کورد بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران کاریگەریی لەسەر کەم‌بوونەوەی پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە؟ ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کە کۆچ‌کردن بووەتە هۆکاری گۆڕانی دێموگرافی جگە لە نەغەدە و دەرەشار، نەخێر کۆچی ئابووری نەبووەتە کێشەیەکی گرنگ بۆ دێموگرافیی کوردستان. لە نەغەدە پرسەکە وەک شوێنەکانی دیکە نییە. لەوێ حکوومەت دەیویست و دەشیهەوێ لە نێو دڵی موکریان ناوچەیەکی تورکی پڕ حەشیمەت دروست بکا، بۆیە بە ئەنقەست کاری کرد تاوەکوو کوردی شارەکە ناچار بە کۆچ بکا و، توانی لەماوەی ٤٠ ساڵ ڕێژەی کورد لەو شارە لەسەدا ٦٥ بۆ کەمتر لە ٣٥ لەسەد کەم بکاتەوە. کوردی شارەکەش بە زۆری بەرەو پیرانشار، مهاباد و شنۆ کۆچیان کردوە، هەروەها تورکێکی بەرچاویش لە پارێزگای تەورێز وەکوو کارمەند و سپایی ماڵیان بۆ نەغەدە گواستوەتەوە. لە نەغەدە جگە لەوەی کورد کۆچی کردوە، لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو بە پێی ئامارە نیمچە فەرمییەکان نزیکەی ٢٣ هەزار تورک هاوردەی شارەکە کراون.   تێکدانی ژینگەی کوردستان و لە نێو بردن و سووتاندنی دارستانەکان و ڕاگواستنی ئاوی کوردستان تا چ ڕادەیەک دەتوانێ کاریگەر بێت لەسەر تێک‌دانی دێموگرافیی ناوچەکە؟ لە کورت‌ماوەدا وەک گوتم نابێتە هۆکاری گۆڕینی دێموگرافی، بەڵام لە درێژخایەندا بابەتەکە جیاوازە. لە پرسی ئاودا ناوچەکانی دیکەی ئێران تووشی کەم‌ئاویین نەک کوردستان، بەڵام بەکار هێنان و گواستنەوەی ئاوی کوردستان لە درێژماوەدا دەبێتە هۆکاری کەم‌ئاوی لە نێو کوردستان و لە دەرەنجامدا خەڵک ناچار دەبن بۆ ناوچەکانی دیکە کۆچ بکەن.   بە سەرنجدان بە ڕێژەی بەرچاوی بێکاری لە کوردستان و پاوانی بەشی  ئابووریی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕۆڵی ئابووری لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدا دەبینین؟ ئابووری وەک دەگوترێ پاشنە ئاشیلی پرسەکەیە، ئەگەر سەیر کەین یەک لەسەر چواری ئاوی ئێران و زیاتر لە ٢٠ لەسەدی خۆراکی ئێران لە کوردستان بەرهەم دێ. کوردستان ڕێگەی سەرەکیی بەستنەوەی ئێران بە ئورووپا و تەنانەت بەشێک لە وڵاتانی عەرەبییشە. لە پرسی نەوتیشدا ڕۆژانە زیاتر لە ١٦٠ هەزار بۆشکە نەوت بەرهەم دەهێنرێ؛ هەروەها ٣ لەسەدی پاشکەوتی گازی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بۆیە زۆر سروشتییە حکوومەت یان نەتەوەی سەردەست هەوڵ بدا لە ڕێگەی گۆڕینی دێموگرافییەوە مەترسیی کوردستان کەم بکاتەوە. ئێستا لە ئاستی نێوخۆیی سپای پاسداران زۆرترین پڕۆژەی لە کوردستان بە دەستەوەیە.   گۆڕانی دێموگرافیی کوردستان لە داهاتوودا نەتەوەی کورد بە دیاریکراوی تووشی چ کێشەیەک دەکا؟ ئێمە لە پرسی دێموگرافی لە دوو بوار لە کوردستانی ئێران بەرەو ڕووی کێشەین. لە بەشێک کە لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکە بە هاوبەشی و تێکەڵی دەژین؛ بەڵام بە ناسنامەی کوردییەوە لەوانە لە ورمێ و گەڕووس. بەڵام بەشە مەترسیدارەکە ئەوەیە کە لە لوڕستان و هەمەدان لەگەڵی بەرەو ڕووین. لەم ڕووەوە دەڵێم کە لەو ناوچانە ناسنامەی کوردی لە نیو سەدەی ڕابردوو بەردەوام لە کاڵ‌بوونەوەدا بووە بۆیە ئەمڕۆ بەشێک لە خەڵکی کورد لەو دوو پارێزگایە خۆیان وەک کورد ناناسن، یان نازانن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن؛ بەڵام زمانی کوردی بەکار ناهێنن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش ناسنامەی کوردستانی‌بوونی خەڵکەکە بەرەو کاڵ‌بوونەوەی زیاتر دەڕوا بە تایبەت لەو ناوچانەی هاونیشتمانییان بە زاراوەی لەکی قسە دەکەن. بۆیە من پێم‌وایە دەستکاری ‌کردنی دێموگرافیی کوردستان لە داهاتوودا هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە بۆ سەر ژێئۆپۆلتیک و ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان. مەگەر ئێمە و نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت تورک و لوڕ لەسەر کۆمەڵێک بنەما ڕێک بکەوین. هەروەها ئەو بەشە لە خەڵکی کوردستان کە زمانی دایک و ناسنامەی نەتەوەیی فەرامۆش کردوە، کاری لەسەر بکرێ.   ڕۆڵی خەڵک (کوردەکان)ـی کوردستان، حیزبە سیاسییەکان، ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ ڕێگری‌کردن لە گۆڕانی دێموگرافیی کوردستان لە ڕووی نەتەوەییەوە چییە؟ دەبێ کورد بە هەموو توێژ و ڕێکخراوەکانی پلان و ستراتێژیی هەبێ بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی بە تایبەت حیزبەکان، لە نێویشیاندا حیزبی دێموکرات. ئێمە لە زانستی سیاسی بەشێکیمان هەیە بە ناوی کارگێڕیی ناکۆکییە نەتەوەییەکان؛ بۆیە لە چوارچێوەی کارگێڕیی ناکۆکییەکان ئێمە دەتوانین کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین. پێشم‌وایە یەکەم هەنگاو بردنەسەری ئاستی زانیاریی دانیشتووانی ناوچە تێکەڵاوەکانە چ لە ڕووی فەرهەنگییەوە چ لە ڕووی سیاسییەوە؛ بۆ ئەوەی دەرک بە گرنگیی ناوچەکانیان بۆ داهاتووی کوردستان بکەن. دواتریش پێم خۆشە بزانن کە تاکە پارچەیەکی کوردستان کە تا ئێستا نەخشەیەکی ورد و  تایبەت بە خۆی نییە کوردستانی ئێرانە. ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی شارەزایی جوغرافیایی و کولتوورییمان لەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نەبێ. لە کۆتاییشدا دەکرێ لەگەڵ تورک و لوڕ لەسەر نەخشە ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاک ڕێک بکەوین و بە بایەخەوە گرنگی بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان بدەین.   سپاس بۆ بەشدارییتان لەم دیمانەیەدا. سپاس بۆ ئێوەش.   ***